گرۆپێکی لایەنگری تورکیا لە عەفرین دار زەیتون دەبڕێت

عەفرین – نۆرس پرێس

 دوێنێ دووشەممە، ئەندامانی گرووپی سوپای ڕۆژهەڵاتی سەر بە سوپای نیشتمانیی لایەنگری تورکیا، لە گوندی کافیرە لە قەزای جەندەرێس لە گوندەوارەکانی عەفرین لە باکووری شاری حەلەب دارەکانیان بڕییەوە.

سەرچاوەیەکی مەیدانی بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، ئەندامانی گرووپەکە یازدە  دار زەیتونیان بڕیوە  بە ئامانجی فرۆشتن بەو کەسانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ئاوارە بوون، خاوەندارێتی ئەو دار زەیتونانەش بۆ محەمەد حەمید دانیشتوی گوندی کافیرە لە عەفرین دەگەرێتەوە.

 سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشدا، لەم دواییانەدا چەند گرووپێک بە پاڵپشتی تورکیا بەهۆی ئەو بوومەلەرزەی کە ناوچەکەی گرتووەتەوە، دار زەیتون  دەبڕن و دارە بڕاوەکان بە دانیشتوانی ئاوارەبوو دەفرۆشن.

شارۆچکەی جەندێرس لە گوندەوارەکانی عەفرین وەک زوورترین زیانلێکەوتووی ناوچەی سوریا لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە تۆمارکراوە و 513 کەس گیانیان لەدەستداوە و 831 کەسی تریش بریندار بوون، هاوکات زیاتر لە 200 باڵەخانە بە تەواوی خاپوور بوون و نزیکەی 500 باڵەخانەش بەشێکیان وێران بوون.

 ئامادەکردنی فاروق حەمۆ – دارشتنەوە: زانا عەلی