کەمتر لە 24 کاتژمێردا سێ ئاگر لە کەمپێکی گوندەوارەکانی حەسەکە کەوتەوە

حەسەکە – نۆرس پرێس

لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا سێ ئاگر لە کەمپی سەرێ کانیێ لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان کەوتەوە.

 دلاوەر عەلی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی لە کەمپی سەرێ کانیێ بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، ئێوارەی دووشەممە بەهۆی گەرمکەرەوە ئاگر لە خێمەیەکی کەمپی سەرێ کانیێ کەوتەوە بەو هۆیەوە کچێکی  ته مه ن 19 ساڵان سوتا و گواسترایەوه بۆ نەخۆشخانەی گەل لە شاری حەسەکە.

عەلی ڕایگەیاندووە، کە ئێوارەی یەک شەممە دوو ئاگری تریش لە هەمان کەمپدا کەوتنەوە، بەڵام هیچ بریندارێکی سەختی نەبووە، جگە لە کەسێکی ئاوارە کە سووتانێکی سووکی هەبووە.

کەمپی سەرێ کانیێ نزیکەی دوو هەزار و 340 خێزان لەخۆدەگرێت و لە 8ی ئەیلولی ساڵی 2020 کرایەوە، بەمەبەستی گواستنەوەی ئەو ئاوارانەی کە لە دوای ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا بۆ سەر سەرێ کانیێ و گرێ سپی لە ساڵی 2019 لە قوتابخانەکانی شاری حەسەکە نیشتەجێ بوون.

ئامادەکردنی: ئیڤا ئەمین، دارشتنەوە : محەمەد قازی