گەڕانەوەی دەوامی قوتابخانەکانی شاری حەلەب پەیوەستە بە ڕاپۆرتی سەلامەتی بیناکان

حەلەب – نۆرس پرێس

سەرچاوەیەکی تایبەت لەبەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی حەلەب ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە، پڕۆسەی خوێندن دەست پێناکاتەوە پێش پشکنینی سەرجەم بیناکانی خوێندن لەو ناوچانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، ئـەو بومەلەرزەی کە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو سوریا و تورکیای گرتەوە.

ئـەو سەرچاوەیە بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە بەڕێوەبەرایەتییەکە ژوورێکی ئۆپەراسیۆن و بەدواداچوونی پێکهێناوە بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەو لیژنە ئەندازیارییانەی کە پێکهێنراون و ئەرکی پشکنینی تەواوی قوتابخانەکانی پارێزگای حەلەبیان پێسپێردراوە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە ژوورەکە ئەرکی بەدواداچوون و سەرپەرشتیکردنی ئەو قوتابخانانەیشی لەئەستوگرتووە کە وەک پەناگە بۆ ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە و داڕشتنی پلانێکی گشتگیریش بۆ گەڕاندنەوەی ژیانی پەروەردەیی “سەلامەت” بۆ قوتابخانەکان بەڵام وردە وردە.

دوێنێ یەکشەممە، دەوامی ئاسایی بۆ باخچەی ساوایان و قوتابخانە پیشەیی و حکومی و شەریعەتەکان لە سەرجەم ناوچە حکومییەکان دەستیپێکردەوە، بەڵام جگە لە پارێزگاکانی حەلەب و لازقیە و حەما و ئیدلب کە حکومەت وەک ناوچەی کارەسات ناساندویەتی.

سەرچاوەکە لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شاری حەلەب ڕایگەیاند، لە پشکنینە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە کە زیانی پێکهاتەیی لە ناو چواردە قوتابخانەی نێو گەڕەکەکانی ڕۆژهەڵاتی شارەکەدا هەبووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دامەزراوە پەروەردەییانەی کە کراونەتە پەناگە لەلایەن ئەندازیارانی سەلامەتی گشتی لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە پشکنینیان بۆ کراوە، ئەوان شوێنی سەلامەتن بۆ مانەوەی دانیشتووان لە ئێستادا.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، قوتابخانە و پەیمانگا ئەهلییەکان دەتوانن دەرگاکانیان بەڕووی خوێندکاراندا بکەنەوە دوای دەرکردنی وەرەقەیەک کە سەلامەتی بیناکە لە ڕوانگەی پێکهاتەیی پشتڕاست دەکرێتەوە.

  بڕیارە بەپێی ئەوەی سەرچاوەکە لەبەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شاری حەلەب ئاماژەی پێکردووە، خوێندنی ئاسایی لە باشوور و ڕۆژئاوای شارەکە و ناو ئەو گەڕەکانەیشدا دەستپێبکات کە لەئەنجامی بوومەلەرزەکەوە لەماوەی چەند ڕۆژێکدا زیانیان پێنەگەیشتووە.

ئامادەکردنی: ڕافی حەسەن – دارشتنەوە: سوزدار محەمەد