دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی لە کۆبانێ هەڵمەتێکی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە دەست پێدەکات

کۆبانێ – نۆرس پرێس

 رۆژی یەکشەممە، دەستەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە ناوچەی فورات هەڵمەتێکی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەی سوریا و تورکیای دەستپێکرد.

لە بەیاننامەیەکدا هێلین حاجم سەرۆکی دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی لە دەڤەری فورات لەبەردەم ئەنجوومەنی جێبەجێکار، دەستپێکردنی کەمپینەکەی راگەیاند.

 حاجم ئاشکرایکرد، دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی و کار هەڵمەتێکی هاوکاری دەست پێکردوە، بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.

 ناوبراو بۆ نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، کەمپینەکە لە دوو شوێنی سەنتەری شاری کۆبانێ دادەنرێن، لە  شار و شارۆچکەکانیش سەنتەریان دەبێت، هەڵمەتەکەش هەموو بەخشینێک وەردەگرێت، لەوانەش خۆراک، جلوبەرگ، هەموو کەرەستەی فریاگوزاری، و هەموو ئەو پێداویستییانەی کە دانیشتووان پێویستیان پێی هەیە.

لەکاتێکدا ئەو هاوکارییانەی کە لەلایەن بەرێوەبەراتی خۆسەر بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکانی ناو سوریا و باکووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە ئامادەکراون، هێشتا چاوەڕێی ڕەزامەندی دەکەن بۆ چوونە ژوورەوە.

 تا ئێستا کۆمسیۆن ماوەی هەڵمەتەکەی یەکلایی نەکردووەتەوە، بەڵام داهاتی ئەو هاوکارییانە بەسەر هەموو ئەو کەسانە دابەش دەکرێت کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، لە سوریا و تورکیا.

 جێی باسە لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە لیژنەیەکی ئەندازیاری بۆ هەڵسەنگاندنی زیانە مادییەکان لە باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون و باڵەخانەکانی دامودەزگاکانی بەرێوەبەراتی خۆسەر پێکهێنراوە، ئەنجامی ئەم هەڵسەنگاندنانە دەنێردرێن بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی بەپێی توانا بەردەستەکان یارمەتی ئەو شوێنانە بکێ کە زیانیان بەرکەوتووە.

 ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – دارشتنەوە: ئەحمەد عوسمان