لەم چەند رۆژەدا لە سوریا چەندەها لەرینەوەی پاش بومەلەرزەکە روویانداوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، بەڕێوەبەری سەنتەری نیشتمانی بومەلەرزەزانی لە سوریا، رائید ئەحمەد، رایگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا وێستگەکانی تۆڕی چاودێری نیشتمانی 175 لەرینەوەی پاش بومەلەرزەیان تۆمارکردووە، ئەویش دوابەدوای بەمەلەرزە توندەکەی تورکیا و سوریا دێت کە بەرزترینیان پێنجشەممەی رابردوو، 4.5 پلە بە پێوەرەکانی رێختەر بووە.

لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ڕادیۆی ناوخۆیی “شام ئێف ئێم” ئاماژەی بەوەدا کە دەیان لەرزین لەناو خاکی سوریادا تۆمارکراون، کە هەموویان چڕییان لە نێوان 2.4 بۆ 4 پلە بە پێوەرەکانی رێختەر بووە، “بەڵام لە چوارچێوەیەکی ئاساییدایە و کاریگەری و زیانی بومەلەرزەیی کەمی هەیە”.

دوابەدوای درێژەدان بە لەرینەوەکان، دانیشتووانی زۆرێک لەو ناوچانەی کە بەرەبەیانی دووشەممەی رابردوو بوومەلەرزە وێرانکەرەکەیان بینیبوو، لە ترسی رووخانیان ماڵەکانیان چۆڵ کرد و پەنایان بردە بەر مزگەوت و کڵێسا و پەناگەکان، بەشێکی دیکەشیان لە باخچە و شوێنە گشتییەکان خەوتبوون.

بەڕێوەبەری سەنتەری نیشتمانی بۆ بومەلەرزەزانیی لە سوریا رایگەیاند، لەماوەی داهاتوودا دوای بوومەلەرزەکان بەردەوام دەبن تا دۆخی ناوچەکە لەرووی بومەلەرزەوە سەقامگیر دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەندێک خاڵ و شوێنی سنووری تورکیادا کۆبوونەوەی وزە بەڕێوەدەچێت و هەموویان چاودێری دەکرێن، ” رەنگە دەردانی وزە دەیان ساڵ یان زیاتر بخایەنێت، بەڵام ئێستا دۆخەکە لە چوارچێوەی بومەلەرزەیی مامناوەنددایە. “

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سۆزدار محەمەد