لە عەفرین هاوکارییە مرۆییەکانی هەرێمی کوردستانی بەتەواوەتی دابەشناکرێن

عەفرین – نۆرس پرێس

 ئەندامانی گرووپی چەکداری سوڵتان سلێمان شا  نزیک لە تورکیا، ئەو هاوکارییە مرۆییانەی کە لە هەرێمی کوردستانەوە پێشکەشی شارۆچکەی جێندێرس لەگوندەوارەکانی عەفرین کرابوون، بەتەواوەتی دابەشنەکراون، بەشێکی ئەو هاوکارییە مرۆییانە بوگرۆپەکەیان بردووە.

 سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، ئەو هاوکارییە مرۆییانەی هەرێم پێشکەشیان کردووە لەلایەن گروپەکەوە دابەشکراوە، بەجۆرێک بەشێکی زۆری دزراوە و گواستراوەتەوە بۆ گوندی کورزێلی سەر بە قەزای شێروە، لە گوندەوارەکانی عەفرین.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گرووپە ڕێگری لە دابەشکردنی هاوکارییەکانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ناوچەکەدا کردووە، بەو پێیەی لە چوارچێوەی گەشتەکەیان بۆ دەڤەری عەفرین یاوەری بارهەڵگرەکان بووە.

رۆژی هەینی  چواردە بارهەڵگر لە هەرێمی کوردستانەوە ڕویشتونەتە ناو دەروازەی سنووری باب سەلامە لە نزیک شاری عەزاز لە باکووری حەلەب بەرەو ناوچەی عەفرین، هەروەها بۆ چوونە ژورەوەی هەر بارهەلگرێک بو ئەو ناوچانە هەزار دۆلاریان بە گرووپەکە داوە.

 دانیشتوانی زیانلێکەوتووی ئەو ناوچانەش ئاشکرایدەکەن، کە هاوکارییەکانی  نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ناوچەکە دواکەوتوون، دابەشبوونی سیاسی و جیاوازی کۆنترۆڵکردنی جوگرافیای سوریا، بووەتە رێگر بۆ گەیشتنی هاوکاریەکان بۆ ناوچە زیانڵێکەوتووەکان.

 ئامادەکردنی: فاروق حەمۆ – دارشتنەوە: زانا عەلی