گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن ڕەتیدەکەنەوە هاوکاری لە ڕێگەی حکومەتی سوریاوە وەربگرن
ئیدلب – نۆرس پرێس
رۆژی شەممە، گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن، ڕەتیانکردەوە، کە فریاگوزاری و هاوکاریی پزیشکی و خۆراک بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان لە ڕێگەی حکومەتی سوریاوە وەربگرن بەڵام ئەم ڕەتکردنەوەی بە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە قبوڵیان کردبوو هاوکاریەکان وەربگرن.
فەرمانگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی لە شاری حەلەب ڕایگەیاند، دوێنێ لە نامەیەکی نووسراودا کە ئاراستەی پارێزگاری حەلەب کراوە، ئاماژەیە بۆ ڕەزامەندی.
فەرمانگەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پێیان باشە کاروانە ئاماژەپێکراوەکە دوابخرێت تا ئاگادارییەکی دیکە بەهۆی بارودۆخی لۆجستیکی لایەنی بەرامبەر و ڕێگەنەدانیان بە چوونە ژوورەوەی کاروانەکە و وادەیەکی نوێ هەماهەنگی دەکرێت بۆ چوونە ژوورەوەی ئەو کاروانە هاوکاریە بۆ ئەو دانیشتووانانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاربوو سبەی لەڕێگەی پەڕینەوەی شاری سەراقیب لە گوندەوارەکانی ئیدلیبەوە هاوکارییەکان بچنە ژوورەوە، بارهەڵگرەکان لە بەیانی زووەوە دەیانویست بچنە ژوورەوە، بەڵام ئەو ڕەتکردنەوە لەناکاوەی گرووپەکان ڕێگریان کردووە کە بچنە ناوەوە.
دانیشتوانی شاری ئیدلب و حەلەب و گوندەوارەکانیان کە لە ژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆندان، بەهۆی ئەو بوومەلەرزە کارەساتبارەی ناوچەکە، لە بارودۆخێکی سەختی مرۆییدا دەژین.