زیانەکانی کەرتی کارەبا لە ناوچەکانی حکومەتی سوریا 10 ملیار لیرەی سوری تێپەڕاند

دیمەشق – نۆرس پرێس

 دوێنێ پێنجشەممە، وەزارەتی کارەبای سوریا رایگەیاند، زیانەکانی کەرتی کارەبا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە 10 ملیار لیرەی سوریا تێدەپەڕێت و پێدەچێت ئەو ڕێژەیە دوو هێندە زیادبکات، لەگەڵ بەردەوامبوونی پرۆسەی هەڵسەنگاندنی زیانەکان.

 وەزیری کارەبا، غەسان ئەلزەمیل ئاشکرای دەکات، زیانێکی گەورە لەسەر ئاستی تۆڕ و محاویلەی مامناوەند و نزم لە حەڵەب و ناوچەی کەناراوەکان هەیە.

 ئاماژەی بەوەشکرد، زیان بە وێستگەی ئەلڕەستان لە لازقییە گەشتووە، کە پێویستی بە نزیکەی مانگێکە بۆ تەواوکردنی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی، بەپێی ئەو لێدوانانەی بۆ رادیۆی ناوخۆیی “شام ئێف ئێم” داویەتی، دوێنێ پێنجشەممە.

  ئەلزەمیل ئاماژەی بەوەدا کە پێویستیان بە ماوەی 20 بۆ 25 رۆژە، “بۆ ئەوەی سیستەمی کارەبایی ناوچە زیانلێکەوتووەکان بگەڕێتەوە باری پێشووی.”

 ئامادەکردن و داڕشتنەوەێ: محەمەد ئەلقازی