ئەمریکا 85 ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری دەبەخشێتە سوریا و تورکیا
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمریکا بڕی 85 ملیۆن دۆلار وەکو هاوکاریی مرۆیی دەداتە تورکیا و سووریا بۆ قەرەبووکردنەوەی بەشێکی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی دووشەممەی رابردوو.
دوێنێ پێنجشەممە، ئاژانسی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی رایگەیاند، ئەو بڕە پارەیە دەدەنە هاوبەشەکانیان بۆئەوەی “هاوکاریی هەنووکەیی بگەیێندرێتە ملیۆنان کەس” لەنێویاندا لەڕێگەی دابینکردنی خۆراک، پەناگە و خزمەتگوزاریی تەندروستییەوە.
ئاژانسەکەی ئەمریکا دەشڵێت، بڕە پارەکە لە رێگەی دابینکردنی ئاوی پاکی خواردنەوە و کەلوپەلی پاکوخاوێن بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی خەرجدەکرێت.
ئەو راگەیێندراوە لەدوای ئەوە هات کە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ مەولوود چاوشئۆغلۆ، هاوتا تورکییەکەی بە تەلەفۆن قسەی کرد بۆئەوەی تاوتوێی پێداویستییەکانی تورکیا بکەن.
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەوبارەیەوە بە رۆژنامەوانانی گوت، “جێگەی شانازییە کە دەچینە ریزی هەوڵە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆئەوەی هاوکاریی تورکیا بکەین، هەروەک چۆن تورکیا لە رابردوودا لە رێگەی شارەزایانی رزگارکردنی مرۆییەوە هاوکاریی ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی دیکەی کردووە.”