تەندروستی سوریا : ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزە بۆ سێ هەزار و 642 کەس بەرزبووەتەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
رۆژی پێنجشەممە، حەسەن غوباش وەزیری تەندروستی سوریا رایگەیاند، ژمارەی گیان لەدەستدان وبریندارانی بوومەلەرزە بۆ سێ هەزار و 642 کەس بەرزبووەتەوە، لەنێویاندا هەزار و 347 کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو هەزار و 295 کەسیش برینداربوون.
غوباش ئاماژەی بەوەشدا، کە بریندارەکان جۆرەها چارەسەریان وەرگرتووە، هەر لە چارەسەری دەرونی تا دەگاتە نەشتەرگەری سادە ومامناوەند و قورس.
وەزیری تەندروستی ئاشکراشیکرد،کە ئەمبولانس و تیمە پزیشکییەکان بە تەواوی کاردەکەن بۆ گەیشتن بە هەموو ئەو کەسانەی لە ژێر داروپەردووەکاندان و بریندارەکانیش بگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەکان بۆ ئەوەی بە زووترین کات چارەسەر بکرێن.
بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلە بە پێوەری رێختەر ڕوویدا، بەهوی بوومەلەرزەکە سەدان باڵەخانە ڕوخاون و هەزاران قوربانی لێکەوتەوە و تا ئێستاش تیمەکانی فریاگوزاری لە هەموو ناوچەکان کاردەکەن بۆ رزگارکردنی برینداران و دەرهێنانی تەرمی قوربانیان .