سەرۆک کۆماری عێراق داوا لە ھەموو لایەک دەکات پەلە بکەن لە گەیاندنی هاوکاری بە زیانلێکەوتوانی بومەلەرزە
هەولێر – نۆرس پرێس
لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، گەلانی ناوچەکە بەتایبەتیش سوریا و تورکیا بەھۆی بوومەلەرزە و ناجێگیری کەشوھەوا لە رەوشێکی ناھەمواردا دەژین، بۆیە داوای ھاوکاری لە ھەموو لایەک دەکەن بۆئەوەی فریاگوزاری بەپەلە بگەیەنرێتە ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە، داواشی لە حکومەت و لایەنە سیاسییەکان کردووە ناکۆکییەکانیان پشتگوێ بخەن و ھاوکاربن لەگەیاندنی ھاوکاری بە زیانلێکەوتووان، هەروەها داوای لە لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیش کردوە بەھانای لێقەوماوانەوە بچن و ھەموو ئەو بڕیارو سیاسەت و ناکۆکییانە رابگرن کە زیانیان بە ھاوڵاتیانی سڤیل گەیاندووە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، زیانەکان پێویستیان بە پلانی فریاگوزاری درێژخایەن ھەیە، بەو پێیەی بەشێک لە خەڵکی سڤیل بۆ مانگەکانی داھاتوو و رەنگە ساڵانی داھاتووش بێ کار و خانوو و خزمەتگوزاری دەمێننەوە و ھەزاران برینداریش ھەن کە پێویستیان بە خزمەتگوزاری و چارەسەرکردن ھەیە و ناوچە وێرانبووەکانیش پێویستیان بە ئاوەدانکردنەوەیەکی خێرا ھەیە بۆ گەڕاندنەوە ژیانی ئاسایی.