بەهۆی هێواشی کارەکانی فریاگوزارییەوە ئەنقەرە روبەڕووی رەخنەی توند دەبێتەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

دەسەڵاتدارانی تورکیا رووبەڕووی تووڕەیییەکی زۆر دەبنەوە لەلایەن زیانلێکەوتوانی بومەلەرزەکانەوە و رەخنە و بێزاریان لە بەهێواش بەدەنگەوەهاتنی تیمەکانی فریاگوزاری، دەردەبڕن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکە لە باشووری وڵاتەکە بۆ زیاتر لە 13 هەزار کەس و ژمارەی قوربانییەکان بۆ زیاتر لە 20 هەزار بەرزبووەوە، بەهۆی بوونی سەدان بینای وێران کە هێشتا تیمەکانیان پێ نەگەیشتووە.

لەدوای ئەو بوومەلەرزە گەورەیەی دووشەممەی پێشوو بە گوڕی 7.8 پلە روویدا، زیاتر لە 6 هەزار باڵەخانە رووخاون، لە کاتێکدا تا ئێستا زیاتر لە 13 ملیۆن کەس لە 10 ناوچەی تورکیا زیانیان بەرکەوتووە کە ئەم ناوچانەن: مەرعەش، غازی عەنتاب، هاتای، عوسمانییە، ئەدیامان، مەلاتیا، سانلیورفا، ئەدەنە، دیاربەکر و کیلیس.

لە وڵاتێکدا کە هەمیشە شانازی بە درێژکردنەوەی سیاسی و دەسەڵاتی سەربازی خۆیەوە کردووە، هێشتا ناڵەی زۆرێک لە قوربانییەکان لە ژێر داروپەردووەوە دەبیسترێت و تەرمی هەندێکی تریش چاوەڕێی کەسێکن بیانهێنێتە دەرەوە.

رۆژنامەنووسێکی ئاگادار لە وتەیەکیدا لەگەڵ نۆرس پرێس لە تۆڕی واتسئەپ ، هۆکاری بەرزبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی گیانلەدەستدانەکانی گەڕاندەوە بۆ وەڵامدانەوەی خاوی کارەساتەکە، چونکە دەکرا ژیانی سەدان کەس رزگار بکرایە ئەگەر خێراتر بگەشتنایەتە شوێنی کارەساتەکان.

زۆرێک لە دیمەنەکان، کە چاوی میدیای فەرمی حکومەتیان لێ دوور خراوەتەوە، هاوڵاتیان پیشان دەدەن کە لەسەر داروپەردووی بینا رووخاوەکانیان وەستاون و ماوەی سێ رۆژە هاواری یارمەتی و بەدەنگەوەهاتن دەکەن.

جگە لەو رەخنانەی کە دەسەڵاتداران رووبەڕووی دەبنەوە بەهۆی خاوی وەڵامدانەوەوە، کەسانی زیانلێکەوتوو ئاماژە بە جیاوازی و جیاکارییەکی بەرچاو دەکەن لە وەڵامدانەوەی دەسەڵاتداراندا بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان لەسەر بنەمای نیشتمانی و سیاسی.

ئەو رۆژنامەنووسە کە لەهەمان کاتدا ئاماژەی بە پراکتیزەکردنی سەرکوتکردنی دەسەڵاتداران بەرامبەر ئەو رۆژنامەنووسانە کرد کە راپۆرتی وەڵامدانەوەی خاویان بڵاودەکردەوە، رایگەیاند، بەو پێیەی دامەزراوەکان سەربەخۆ نین و دەسەڵات دەستی بەسەریاندا توندتر کردووە، ئەستەمە میکانیزم و فریاگوزارییەکان بۆ گەڕەکە وێرانبووەکان دابین بکرێت، بە بێ تێپەڕین بە رێوشوێنێکی رۆتینی تونددا کە دەستڕاگەیشتن بە شوینی کارەساتەکان، قورس دەکات.

جگە لەوەش راپۆرتەکانی پارتی گەلی کۆماری دیموکراتی (هەدەپە)ی ئۆپۆزسیۆن بە کورتی باس لەوە دەکەن، “حکومەتی ئەردۆغان پراکتیزەی چەواشەکاری  دەکات و خۆی وەک فریادڕەس پیشان دەدات، لە کاتێکدا لە راستیدا بازرگانی بە ژیانی قوربانییەکانەوە دەکات بۆ بەدەستهێنانی هاوکاری وڵاتان”.

موەفەق عەزیز ئۆغڵو، دانیشتووی شاری دیاربەکر کە زۆرینەی کوردە، دەڵێ، تا ئێستا تیمەکانی فریاگوزاری نەگەیشتوونەتە باڵەخانە رووخاوەکان، هاوکات دانیشتوانەکە خۆیان گەڕانیان ئەنجامداوە بۆ دۆزینەوەی تەرمی کەسوکارەکانیان.

لە گوتەیەکیدا لەگەڵ نۆرس پرێس لە رێگەی واتسئەپەوە موەفەق وتی: باوەڕ بەو قسانە مەکەن کە دەسەڵاتداران دەیڵێن سەبارەت بەوەی چۆن وەڵامی کارەساتەکە دەدەنەوە، چونکە زۆر خاوترن لەوەی خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن.

جگە لەو هەزاران کەسەی کە لە ژێر داروپەردوودا کەوتوون و چارەنووسێکی نادیاریان هەیە، پلەی گەرمی نزم نەهامەتی رزگاربووانی کارەساتەکەی زیاتر کردووە، ئەوان داوای یارمەتی و پشتیوانی دەکەن بۆ دۆزینەوەی پەناگەیەک.

ئەو رۆژنامەنووسە کە لە ئەرکەکانی رووماڵکردندایە لە شاری غازی عەنتاب، باسی لەوە کرد، سەدان خێزان بەدەست برسێتی و سەرماوە دەناڵێنن و لە هەوای کراوەدا دەخەون، بۆ ماوەی سێ شەوە چاوەڕێی دەسەڵات دەکەن بۆ ئەوەی پەناگەیان بۆ دەستەبەر بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێکی زۆریان ماڵە وێرانبووەکانیان بەجێهێشتووە و پەنایان بۆ ناوچەکانی دیکە بردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ کەسوکارەکانیاندا بژین.

دوای ئەوەی رەخنەکان بە توندی روبەڕووی دەسەڵاتدارانی تورکیا بویەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دوێنێ چوارشەممە دانی بەوەدانا کە “کەموکوڕییەک” لە وەڵامدانەوەدا هەیە.

بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکارانە، دوێنێ بۆ چەند کاتژمێرێک بەرپرسانی تورکیا ئەپڵیکەیشنی تویتەریان سنووردار کرد، کە رۆڵێکی زۆری هەبوو لە بڵاوکردنەوەی وێنە و گرتەی ئازاربەخشی زیانلێکەواتوانی بومەلەرزە لە کەشوهەوای سارددا.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە پلەکانی گەرما لە غازی عەنتاب بۆ -5 پلەی سەدی دابەزی، بەڵام سەرما نەبووە هۆی ئەوەی هەزاران خێزان لە ئۆتۆمبێل و چادرە کاتیەکان شەو بەسەر ببەن، لە ترسی مانەوە لە خانووەکانیاندا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر