حەفتا کاتژمێر به‌سه‌ر بوومەلەرزەکەدا تێپه‌ڕێ و تا ئێستا هاوکارییەکان نەگەیشتوونەتە باکووری ڕۆژئاوای سووریا

ئیدلب – نۆرس پرێس

زیاتر لە 70 کاتژمێر به‌سه‌ر بومه‌له‌رزه‌كه‌دا تێپەڕیوە تا ئێستا هاوکاری مرۆیی نەگەیشتووەتە باکور و ڕۆژئاوای سوریا،.

ژمارەی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ بومه‌له‌رزه‌كه‌دا گیانیان له‌ده‌ستدا، گەیشتووەتە سێ هەزار و ٥٨٣ کەس و شەش هەزار و ٣٤٢ کەسیش برینداربوون، ڕێژه‌كه‌ش تادێت زیاتر ده‌بێت.

بەگوێرەی سەرچاوە مەیدانی و میدیاییەکان لە باکور و ڕۆژئاوای سوریا، تا ئێستا هاوکارییەکان نەگەیشتوونەتە ناوچە زیانلێکەوتووەکان.

تا ئێستاش سەدان خێزان لە ژێر باڵه‌خانه‌ روخاوه‌كاندا ماونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ لە کاتێکدایە کە تیمەکانی فریاگوزاری ناتوانن به‌یه‌كه‌وه‌ لە سەرجەم باڵەخانە ڕووخاوەکاندا كاربكه‌ن.

دوێنێ چوارشەممە، تیمێکی تەکنیکی خۆبەخشی میسری گه‌یشتونه‌ته‌ شارۆچکەی جێندێرسی، گونده‌واری عەفرین، بۆ هاوكاری ڕزگارکردنی لێقه‌وماوانی بومه‌له‌رزه‌كه‌.

بوومەلەرزەکان هاوکات بوو لەگەڵ شەپۆلێکی سەرمای توند لە سوریا، کە پلەکانی گەرما لە درەنگانی شەودا دەگاتە ژێر سفر، باری لێقه‌وماوانی بومه‌ له‌رزه‌كه‌ قورستر ده‌كات كه‌ ئێستا بێ ماڵن و لە شه‌قامه‌كان ماونه‌ته‌وه‌.

ئامادەکردنی: موئەیەد شێخ – داڕشتنه‌وه‌ی: زانا ئه‌لعلی