دوای چەند کاتژمێرێک لە هەڕەشەکانی تورکیا.. ئەنجومەنی سەربازی مەنبیج هەوڵێکی دزەپێکردنیان پوچەڵ دەکاتەوە

مەنبیج – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی مه‌نبیج رایگه‌یاند، هه‌وڵێكی دزه‌كردنی هێزه‌كانی توركیا و گروپە چه‌كداره‌كانی هاوپەیمانیانیان له‌ باكووری مەنبج پووچه‌ڵ كردووه‌ته‌وه‌، ئەمەش دوای چه‌ند كاتژمێرێك دێت لە هه‌ڕه‌شه‌کانی سەرۆکی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆگان بە پێویستی “پاككردنه‌وه‌ی مەنبیج و ته‌ل رەفعه‌ت له‌ تیرۆریستان”

ئەنجوومەنی سەربازیی مەنبیج لە پێگەی فەرمی خۆی بڵاویكردەوە، كۆمەڵە گروپێکی چەكداری هاوپەیمانی توركیا هەوڵیانداوە دزە بكەنە ناو یەكێك لە بنكەكانی ئەنجوومەنەکەوە لە میحوەری گوندی موحسینلی لە باكووری مەنبیج.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوابەدوای  پێکدادانی توند زۆر لەگەڵ لایەنە چەکدارەکان کە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بوو، “پرۆسەی دزەکردنەکە بە شکست کۆتایی هات”.

لە یازدەی حوزەیرانی رابردوودشدا، ئەنجومەنی سەربازی ئەلباب رایگەیاند، هەوڵێکی دزەکردنی گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی تورکیایان لە میحوەری گوندی ئەلحوتا لە رۆژئاوای مەنبیج لە باکووری سووریا پووچەڵ کردووەتەوە.