داڕمانی 257 خانوو و گیانلەدەستدانی 675 و هەزاران بریندار و بێسەروشوێن لە جندرێسی عەفرین
عەفرین- نۆرس پرێس
بەگوێرەی راگەێنراوێک کە ئەمڕۆ سێشەممە لەلایەن ئەنجومەنی خۆجێی جندرێس، حکومەتی کاتی سەر بە تورکیاوە، بڵاوکراوەتەوە، دەرئەنجامی ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی کە شارۆچکەی جندرێسی لە گوندەواری عەفرین هەژاندووە، بەمشێوەیە: داڕمانی 257 خانوو و گیانلەدەستدانی 675 و هەزاران بریندار و گیرخواردوو.
ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هەزاران خێزان لە هەوای کراوەدا لە کەشوهەوای ساردی زستاندا بێ ماڵ و حاڵن بەبێ خواردن و خواردنەوە.
ژمارەی گیانلەدەستدانی ئەو بوومەلەرزانەی کە لە سەرەتای دووشەممەی رابردووەوە رووبەڕووی سوریا و ناوچەکە بووەتەوە بۆ زیاتر لە 2098 گیانیانلەدەستدان و زیاتر لە 4106 بریندار، ئەمەش وەک ئامارێکی سەرەتایی کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی حکومەتی سوریا، بەرگری شارستانی لە ئیدلب و دەسەڵاتی تەندروستی بەڕێوبەری خۆسەریەوە، بڵاوکراوەتە.
هاوکات سەرچاوە تایبەتەکان لە دەروازەی سنووری باب ئەلهەواوە لەگەڵ تورکیا، لە باکوری ئیدلب، رایانگەیاندووە، ئەو دەروازە تا ئێستا شایەتحاڵی هاتنە ناوەوەی هیچ هاوکارییەکی مرۆیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی نەبووە، بە بیانووی ئەوەی کە رێگاکان “زیان پێگەیشتوون”، لە کاتێکدا رێگاکان کراوەن و هیچ بەربەستێک لەبەردەم چوونە ژوورەوەی یارمەتییەکان نییە.