له‌ پاش بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌ت.. به‌های دینار به‌رامبه‌ر به‌ دۆلار به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبۆوه‌

هه‌ولێر – نۆرس  پرێس

رۆژی سێ شه‌ممه‌، له‌ پاش ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق پێشنیازێكی بانكی ناوه‌ندی په‌سه‌ندكرد بۆ دابه‌زاندنی به‌های 100 دۆلار بۆ 130 هه‌زار دیناری عێراقی، به‌های دیناری به‌رامبه‌ر به‌ دۆلار به‌رزبۆوه‌و،  100 دۆلار له‌ بارزاه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ نزیكه‌ی 150 هه‌زار دینار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرا.

سه‌ر له‌ ئێواره‌ی ئه‌مرۆ به‌ های 100 دۆلار له‌ بازاری گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر دابه‌زی بۆ‌ 151 هه‌زار دینار، هه‌روه‌ها لە بازاڕی دراوی سلێمانی، 100 به‌ 150 هه‌زار دینار له‌ به‌رده‌ست بوو.

پاش نزیکەی دوو مانگ لە دابەزینی بەرچاوی بەهای دیناری عێراقی، ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، “ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری ئەنجوومەنی ئیدارەی بانکی ناوەندیی عێراقی پەسندکرد، بەوەی دەستکاری نرخی فرۆشتنی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی بکرێت، بەشێوەیەک 100 دۆلار دەبێتە 130 هەزار دینار.”

 بانکی ناوەندیی عێراق لە 20-12-2020 بڕیاری دا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد بکات؛ تاوەکو نزیکەی دووساڵ بەهای دینار جێگیربوو تاوەکو رۆژی 11-12-2022 نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی 150 هەزار دیناری عێراقیی تێپەڕاند و گه‌یشته‌ سه‌رووی 170 هه‌زار دینار.