تەندروستی جیهانی پێشبینی دەکات ژمارەی گیانلەدەستدانی بومەلەرزەکان بەرزبێتەوە بۆ 20 هەزار کەس
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشبینی کردووە ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی تورکیا و سوریاوە بۆ زیاتر لە 20 هەزار کەس بەرزبێتەوە.
یەکێک لە بەهێزترین بوومەلەرزەکانی سەدە کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوە، زیاتر لە 4300 گیانلەدەستدان و هەزاران برینداری لە تورکیا و سوریا بەدوای خۆیدا بەجێهێشت، بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانیش رەنگە ژمارەکە پێنج هێندە بەرزببێتەوە.
کاترین سمۆڵوود، بەرپرسی فریاکەوتنی ئەورووپا لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی، ئاماژەی بە بەردەوامی ئەگەری داڕمانی زیاتر کرد و وتی: رەنگە ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ زیاتر لە 20 هەزار کەس بەرزبێتەوە.
لە زۆر حاڵەتدا تا هەشت هێندەی زیادبوون لە ژمارە سەرەتاییەکاندا روودەدات لە کارەساتی بوومەلەرزەکاندا، بە وتەی ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان.
سمۆڵوود بە داخەوە باسی لەوە کرد کە راپۆرتە سەرەتاییەکان سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی کە گیانیانلەدەستداوە، یان بریندار بوون لە هەفتەی دواتردا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش زیاد دەکەن.
هێشتا ژمارەیەکی نادیار لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە و چارەنووسیان نادیارە، لە کاتێکدا بارودۆخی زستان و لەرینەوەی دوای بوومەلەرزەکان، پرۆسەی گەڕانەکەی سەختتر کردووە.
ئەو بوومەلەرزەیەی بەرەبەیانی زووی دوێنێ روویدا و دەیان لەرینەوەی بەدوادا هات، تەواوی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی تورکیای وێران کرد و وێرانکاری دیکەی لە سوریادا بەدوای خۆیدا هێنا، کە دوانزە ساڵە تا ئێستا بەدەست کاریگەری قەیرانی جەنگەوە دەناڵێنێت.