له‌ هه‌رێمی كوردستان سێ رۆژ پشوو راگه‌یه‌ندرا

هه‌ولێر – نۆرس پرێس

بەهۆی مەترسی دووبارەبوونەوەی رووداوی بومەلەرزە، رۆژی دووشه‌ممه‌،  حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سێ رۆژ پشووی راگه‌یاند، به‌ڵام دابه‌شكردنی موچه‌ له‌و سێ رۆژه‌دا‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

حکومەتی هەرێم له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، “بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاوڵاتییان و پشتبەستن بە راپۆرتی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، بۆ ماوەی سێ رۆژ (7 و8  و  9 ی شوبات)، لە هەموو دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان بە ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومیی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پشووی فەرمی دەبێت”.

به‌یاننامه‌كه‌ ئاماژەی بەوەش کرد، “جگە لە ئێشکگریی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی لە بەردەوامیدان بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و حاڵەتی لەناکاو، پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت”.

بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە چه‌ند بومه‌له‌رزه‌یه‌ك ناوچه‌كانی باكووری كوردستان و رۆژ ئاوای كوردستانی گرته‌وه‌و لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش هەستی پێكرا.

به‌ هۆی بومه‌له‌زه‌كه‌ 1651 کەس لە تورکیا و باکووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە و 11 هەزار و 119 کەسیش برینداربوون، هه‌روه‌ها له‌رۆژئاوای کوردستان و سوریا 871 کەس گیانیان له‌ ده‌ستداوه،‌ كه‌ 7 یان له‌ رۆژئاوای كوردستان بوونه‌و، 56 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوونه‌.