سەرکردەی سوپای عێراقی داوای چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە “داعش” دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق، لیوا عەبدولئەمیر یارەڵڵا جەختی لە پێویستی بەردەوامبوون لە فشارخستنە سەر رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) کردەوە لە زنجیرە چیا و دۆڵەکان و ناوچەکانی سروشتی جوگرافی سەخت.

ئەمەش لە میانی سەردانێکی مەیدانیدا هات کە یارەڵڵا لە پارێزگای دیالە ئەنجامیدا، لە هەمان کاتدا رێنمایی بۆ هێزە ئەمنییەکانی پارێزگاکە دەرکرد.

یارەڵڵا داوای جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی کرد کە هەر جووڵەیەکی “تیرۆریستان” لە ناوچەکەدا بکاتە ئامانج، هەروەها جەختی لە گرنگی “بەرزکردنەوەی ئاستیئامادەگی بۆ شەڕ و هەواڵگری” کردەوە.

سەرۆکی ئەرکانی سوپای زانیاری دا لەسەر دواین ئۆپەراسیۆنەکان کە لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە و فەرماندەیی فیرقەی یەکەمەوە دژی شانەکانی داعش ئەنجامدراون.

سروشتی ناڕێکی حەوزی حەمرین کە لە دیالە و سەڵاحەدین جیا دەکاتەوە، یەکێکە لە دیارترین ناوچەکان کە داعش تێیدا چالاکە وناوبەناو خەڵکی سڤیل و سوپا دەکاتە ئامانج.