بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوەوە.. لەداهاتوودا 2 ملیۆن دانیشتووی نەینەوا ئاوارە دەبن
هەولێر – نۆرس پرێس
ژمارەیەک رێکخراوی عێراقی و نێودەوڵەتی تایبەت بە ژینگە لە راپۆرتێکی ھاوبەشیاندا ئاماژەیان بەوەکردووە، مەترسییەکانی کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو لە سنوری پارێزگای نەینەوا بە گشتی و خۆرئاوای پارێزگاکە بەتایبەتی رۆژ لە دوای رۆژ لە زیادبووندایە و ئەگەر چارەسەری بەپەلەشی بۆ نەدۆزرێتەوە لە ماوەی دە ساڵی داھاتوودا نزیکەی دوو ملیۆن دانیشتووی پارێزگای نەینەوا ناچار دەبن ناوچەکانیان چۆڵ بکەن و ئاوارە ببن.
راپۆرتی هاوبەشی ژینگەیی ڕێکخراوە نێودەوڵەتی “هاوپشتی” و “پاسەوانانی رووباری دیجلە”ی عێراقی هۆشداری داوە لە ئەگەری ئاوارەبوونی نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە ناوچەکانی رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، هۆکارەکەشی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکانە لەو ناوچانەدا.
بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی ژینگەی عێراقیش، زیاتر لە 4 ملیۆن دانیشتووی ناوچەکانی رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، بە تایبەتی دانیشتوانی شارۆچکەکانی شەنگال، تەلەعفەر و ئەلبەعج، بەهۆی وشکەساڵییەوە ناچار دەبن لە 7 ساڵی داهاتوودا ناوچەکانیان چۆڵ بکەن، پێدەچێت کۆچەکەشیان بەرەو هەرێمی کوردستان بێت.