ئەمریکا هۆشداری بە تورکیا دەدات کە مادەی خامی کیمیاوی هەناردەی رووسیا نەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

برایان نیڵسن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەواڵگریی دارایی، رۆژانی پێشوودا سەردانی تورکیای کرد، لە سەردانەکەیدا هۆشداری بە حکومەت و کەرتی تایبەتی تورکیا دا ئەگەر مادەی خام بۆ دروستکردنی کیمیاوی، مایکرۆچیپ یان هەر شتێکی دیکە هەناردەی رووسیا بکەن، کە مۆسکۆ بۆ بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی بەکاریان بهێنێت، ئەوا دەکرێت ئەمریکا سزا بخاتە سەر کۆمپانیا و بانکەکانی تورکیا.

لە گوتارێکیدا، کە دەقەکەی لە لایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە ، نیڵسن بۆ بەرپرسی بانکەکانی تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە، هەناردەی تورکیا بۆ رووسیا بە درێژایی ساڵی رابردوو زیادیکردووە، ئەوەش وادەکات دامەزراوەکانی تورکیا “بکەونە بەر مەترسیی سزا و خراپبوونی ناوبانگیان”، یان چیدیکە دەستیان نەگاتە بازاڕەکانی کۆمەڵەی حەوت وڵاتە پیشەسازییە دیموکراسییەکە کە بە G7 دەناسرێن.

هەر لەو گوتارەدا نیڵسن دەڵێ “پێویستە کۆمپانیا و بانکەکانی تورکیا وریاتر بن و رێگە بە گواستنەوەی ئەو ئامێر و کەرەستە تەکنەلۆجیانە نەدەن، کە دەکرێت دوو جۆر بەکارهێنانیان هەبێت و لەلایەن پیشەسازی سەربازیی رووسیاوە سوودیان لێ ببینرێت”.

میدیای بەریتانی لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکانیدا لە ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ، نیڵسن و شاندەکەی باسیان لەوە کردووە قەبارەی ئەو هەناردەیەی تورکیا بۆ رووسیا کە بووەتە جێگەی نیگەرانیی واشنتن، گەیشتووەتە دەیان ملیۆن دۆلار.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کردووە شتێکی سەیر نییە کە رووسیا چالاکانە هەوڵی سوودبینین لەو پەیوەندییە مێژووییانەی وەربگرێت، کە لەگەڵ تورکیا هەیەتی. “پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا کاردانەوەی تورکیا چی دەبێت؟”.