تورکیا پشتیوانی سەربازی زیاتر بۆ چیای ئەلزاویە دەنێرێت
ئیدلیب – نۆرس پرێس
درەنگانی دوێنێ شەو، هێزەکانی تورکیا پشتیوانی سەربازی گەورەیان نارد بۆ ناوچەکانی ژێردەستیان لە ئیدلب، باکووری ڕۆژئاوای سووریا.
شایەتحاڵەکان بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاند، درەنگانی دوێنێ شەو کاروانێکی سەربازی تورکیا کە زیاتر لە چل ئۆتۆمبێلی قورسی سەربازیی لەخۆگرتبوو، بە دوو کۆمەڵە لە دەروازەی سنووری باب ئەلهەوا لەگەڵ تورکیا، لە باکووری ئیدلب، بەرەو ناوچەکانی بڵاوبوونەوەی هێزەکانی تورکیا لە گوندەواری باشووری ئیدلیب، جوڵەیان کرد.
بەپێی هەمان سەرچاوەکان، کاروانەکەی تورکیا بریتی بووە لە تانک، تۆپی قورس، زرێپۆش، بارهەڵگرەکانی هەڵگری تەقەمەنی و کەرەستەی لۆجستی، جگە لە دەیان سەرباز.
سەرچاوە سەربازییەکانی ئۆپۆزسیۆن بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، کاروانە سەربازییەکە گەیشتووەتە ئەو خاڵەی تورکیا کە لە نزیک شارۆچکەی باڵۆن لە ناوچەی چیای ئەلزاوییە لە باشووری ئیدلب جێگیر بووە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو ئاڵوگۆڕ و بەهێزکردنی جموجوڵەکانەوە دێت کە لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە ئەنجام دەدرێت.
هاتنی کاروانەکەی تورکیا هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی سەربازی و ئاڵوگۆڕی چڕی تۆپباران لە سەرەتای ئەم مانگەوە لە نێوان لایەنەکانی ململانێ لە میحوەرەکانی جەنگ لە گوندەواری باشووری ئیدلب و ڕۆژئاوای حەلەب.
دوابەدوای دەستێوەردانی سەربازی تورکیا لە سوریادا، هێزەکانی تورکیا زیاتر لە 70 خاڵی سەربازییان لە ناوچەکانی ئیدلب، حەلەب، حەما و لازقیە، لە باکوری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە دامەزراندووە.