دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندە تەکنیکییەکانی وەزارەتەکانی بەرگری تورکیا و رووسیا و سوریا لە درێژەی دانوستانەکانی سێقۆڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن.
نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی بەرگری تورکیا لە زاری ئاکارەوە نووسیویەتی: “لە رۆژانی داهاتوودا شاندە تەکنیکییەکانمان لە درێژەی ئەو دانوسانانە کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن، ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ بەدەستهێنانی ئەنجام”.
لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوودا یەکەمین دانوسان لە ماوەی 11 ساڵدا لە نێوان وەزیرانی بەرگری تورکیا و سوریا لە رووسیا بەڕێوەچوو.
پێرێ، چوارشەممە، ئیبراهیم کالین، گوتەبێژی سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند:” تورکیا پێشوازی لە بەشداریکردنی ئێران دەکات لە دانوستانەکانی ئاساییکردنەوەی نێوان ئەنقەرە و دیمەشقدا”.
کالین ئاماژەی بەوەدا کە کۆبوونەوەکە لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە مانگی شوباتدا دەبێت.