ئابڵوقەی حکومەت بۆ سەر گوندەواری باکووری حەڵەب دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی شیری منداڵ

گوندەواری باکووری حەڵەب – نۆرس پرێس

ئابڵوقەی حکومەت بۆ سەر ناوچەکانی گوندەواری باکووری حەڵەب لەم دواییانەدا بووەتە هۆی کەمبوونەوەی چەندەها پێداویستی خۆراک کە گرنگترینیان شیری کۆرپەلەیە.

هاوسەرۆکی کاروباری کۆمەڵایەتی لە گوندەواری باکووری حەڵەب، محەمەد حەسەن، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “ئەو گەمارۆیەی لەلایەن ‘فیرقەی چواری هێزەکانی حکومەت’ەوە بەسەر ناوچەکەدا سەپێنراوە، بووەتەهۆی مەترسی لەسەر ژیانی کۆرپەلە و کەمبوونەوەی شیری منداڵان”.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر شەش سندوق شیریان وەک گوژمی یەکەم بۆ تەمەنەکانی یەک رۆژ بۆ شەش مانگ، دابەشدەکرد، هەروەها حەوت سندوق لە گوژمەی دووهەمدا لە شەش مانگەوە بۆ یەک ساڵ دابەشدەکرد، بەڵام بەهۆی ئەو گەمارۆیەی سەپێنراوە، بڕی تەرخانکراو دابەشنەکرا .

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێستا چوار کارتۆن شیر بەسەر هەر منداڵێکی ئەو دوو تەمەنەدا دابەش دەکەین، کە پێداویستییەکان دابین ناکەن، ئەمەش دانیشتووانی ناچار دەکات لە بازاڕەوە بە نرخی دووقات بیکڕن، کە دەکاتە 38 هەزار لیرەی سوری”.

هەر لەو چوارچێوەیەدا حەمید محەمەد (28 ساڵ) کە باوکی منداڵێکی ساوایە، دەڵێت، زیاتر لە دە رۆژە بە دوای شیردا دەگەڕێم بۆ کۆرپەکەم، چونکە ئەو بڕەی دابەشیان کردووە بەشی کەمتر لە بیست رۆژی دەکات”.

جگە لەوەش چەند مانگێکە گوندەواری باکووری حەڵەب لەژێر گەمارۆی حکومەتدایە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی دانیشتووانی حەڵەب هەبووە بەهۆی بارودۆخی سەختی ئابووری و دابەزینی بەهای لیرەی سوری بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان.

ئامادەکردنی: جەمیل جەعفەر – داڕشتنەوەی: قەیس ئەلعەبدوڵا