ئاسایشى نیشتیمانیى عێراق دەسگیرکردنی چەند کۆمپانیایەکی بەقاچاخبردنی دراوی راگەیاند

هەولێر – نۆرس پرێس

دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانیى عێراق رایگەیاند، خاوەنى چەند کۆمپانیایەکى “گەورە”یان دەستگیرکردووە، بەتۆمەتى یاریکردن بە نرخى دراو و بەقاچاخبردنى.

ئێوارەی 2ى شوباتى 2023، ئەرشەد حاکم، گوتەبێژى دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانیى عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، ژمارەیەک لە خاوەنى “کۆمپانیا گەورەکان”یان دەستگیرکردووە کە بەوتەى ئەو، یارییان بە نرخی دراو کردووە و بەقاچاخ بردوویانەتە دەرەوە.

گوتیشی، “ئەو پرۆسەیە لەدواى هەوڵى هەواڵگرى و لەسەر بنەماى فەرمانى دادوەر بووە و ئەو پرۆسەیە بەردەوام دەبێت، تاکو سەرجەم داواکراوان دەستگیردەکرێن لە چوارچێوەى پلان و هەوڵى حکومەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنى بەقاچاخبردنى دراو”.

بەقاچاخبردنى دۆلار بۆ دەرەوەى عێراق، بەیەکێک لە هۆکارەکانى دابەزینى بەهاى دینار دەزانرێت بەرامبەر بە دۆلار، کە بەهۆیەوە لە 2ى شوبات بۆ یەکەمجار بەهاى 100 دۆلار 174 هەزار دیناری تێپەڕاندووە.

هاوکات شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، چوار کەسیان دەستگیرکردووە، بەتۆمەتى حەواڵەى دەرەکى بەشێوەى نافەرمى.

بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەو چوار کەسە لە پارێزگاکانى بەغدا، نەینەوا، سەلاحەدین دەستگیرکراون و لە رێگەى دۆلار فرۆشى دەستگێڕ و چەند کۆمپانیایەکەوە پارەیان بردووەتە یەکێک لە وڵاتانى دراوسێ و لەکاتى دەستگیرکردنیاندا 278 هەزار دۆلار و 660 ملیۆن دیناریان پێ گیراوە.