لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بایدن و سودانی دۆخی ئابووری عێراقیان تاوتوێکرد

هەولێر – نۆرس پرێس

جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا و محه‌مه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆکوه‌زیرانی عێراق په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فۆنیان ئه‌نجامدا و لەمبارەیەوە كۆشكی سپی ده‌ڵێت، بایدن پابه‌ندیی ئه‌مریكای بۆ هاوكاریكردنی عێراق دووپاتكردووەته‌وه‌.

درەنگانی شەوی رابردوو، كۆشكی سپی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌، ئەمڕۆ جۆ بایدن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەی کرد بۆ دووپاتکردنەوە له‌ پابەندبوونی ئەمریکا بە عێراق و راوێژکاری سەبارەت بە پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، بایدن پابەندبوونی ئەمریکای بە رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی لەگەڵ عێراق دووپاتکردەوە و ستایشی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی کرد بۆ بەهێزکردنی سەروەری و سەربەخۆیی عێراق.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژە بەوەشکراوە، له‌ په‌یوه‌ندیه‌كه‌دا باسیان لە کارنامەی ئابووری سەرۆکوەزیران و ئەو سیاسەتانە کرد کە ئەمریکا ئامادەیە بە تەواوی پشتگیریی بکات، بایدن پێشوازی لە سەردانەکەی داهاتووی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد کە هەفتەی داهاتوو ده‌گه‌نه‌ واشنتۆن بۆ تاوتوێکردنی زیاتری ئەم بەرنامانە.

ئەم پەیوەندییەی بایدن و سوودانی له‌كاتێكدایه‌ کە ماوه‌ی زیاتر له‌ دوو مانگه‌ عێراق رووبه‌ڕووی قه‌یرانی دابه‌زینی به‌های دراوه‌كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ دۆلار بووه‌ته‌وه‌ و له‌ ئێستا به‌های 100 دۆلار زیاتره‌ له‌ 172 هه‌زار دینار له‌ بازاڕه‌كاندا، له‌كاتێكدا له‌ بانكی ناوه‌ندی وڵاته‌كه‌ رۆژانه‌ 100 دۆلار به‌ 146 هه‌زار و 500 دینار ده‌خرێته‌ڕوو.