فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا: 43 ئۆپەراسیۆنی دژ بە “داعش” لە عێراق و سوریا لە ماوەی مانگی پێشوودا

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند کە لە ماوەی مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 43 ئۆپەراسیۆنیان دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە عێراق و سوریا ئەنجام داوە.

لە راگەێنراوەکەدا هاتووە “ئەو ئۆپەراسیۆنانە بوونەتە هۆی لاوازبوونی داعش، هەروەها زۆرێک لە چەکدارە باڵاکانی رێکخراوەکەیان  ناچالاک کردووە، لەوانەش ئەمیری رەققە و بەرپرسێکی میدیایی و ئەمنی داعش لە سوریا”.

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، ژەنەراڵ مایکل کۆرێلا، رایگەیاند:” ئایدۆلۆژیای داعش بە بێ کۆت و بەربەست ماوەتەوە، داعشیش بەردەوامە لە هەڕەشەکانی، نەک هەر بۆ سەر عێراق و سوریا، بەڵکو بۆ سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە بە گشتی .”

“کۆرێلا” ئاماژەی بەوەشکرد، لە شەڕی دژی “داعش”دا زۆر پشت بە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەبەستن، هاوکات ستایشی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و شەڕی توندیان لە دژی ئەو رێکخراوە کرد.

هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزە هاوبەشەکانیان لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا ئۆپەراسیۆنی چڕیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش دەستپێکردووە، دوایینیان هەڵمەتی ئەمنی بەرفراوان بوو لە شاری رەقە و گوندەوارەکانی لە باکوری سوریا، کە ئەمڕۆ کۆتایی پێهات.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: قەیس ئەلعەبدوڵا