گەیاندنی کارەبا بۆ دەیەها گوندی گوندەواری باکووری حەسەکە بەردەوامە

تل تەمر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەهد سەمعیلە، هاوسەرۆکی ناوەندی کارەبای تل تەمر رایگەیاند، کارەکانی بەستنەوەی کارەبا بە دەیان گوندی گوندەواری باکووری حەسەکەوە بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆردومانی بەردەوامی تورکیا بۆ سەر گوندەواری تل تەمر و زەرگان، بووەتە هۆی زیانێکی بەرچاو بە تۆڕی کارەبا و تاوەرەکانی ئەو گوندانە بۆ ماوەی زیاتر لە 3 ساڵ.

راشیگەیاند، “نزیکەی 39 گوند لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی تل تەمر و ناوچەی زەرگان لە ئەنجامی بۆردومانی بەردەوامی تورکیا بۆ سەر ئەو گوندانە لەو کاتەوەی شاری سەرێ کانێیان کۆنترۆڵکردووە، لە کارەبا بێبەش بوون”.

سەمعیلە رایگەیاندووە کە “لە 3 مانگی پێشوودا 22 گوند بە دوو قۆناغ کارەبایان پێگەشتووە، کە لە مانگەکانی 9 و 10ی ساڵی رابردوودا تەواو بوون.”

گوتیشی: کارەکانی قۆناغی سێیەم بەردەوامە و لەم دواییانەدا بەهۆی هێرشەکانی تورکیا بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ناوچەکانی باکووری سوریا و رۆژئاوای کوردستان، جێبەجێکردنی دواکەوتووە، ئەو هێرشانە رێگر بوون لە تەواوکردنی پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی تۆڕەکان بۆ 11 گوند، کە هێشتا کارەکانیان جێبەجێنەکراون، جگە لە ژمارەیەک گوندی زیانلێکەوتوو لە گوندەواری زەرگان، کە بڕیارە نۆژەن بکرێنەوە.”ئەگەر دەرفەت  بڕەخسێت”.

ئامادەکردنی: ژیندار عەبدولقادر – داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی