بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی گەیشتە بەرزترین ئاست لەمساڵدا

هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی گەیشتە بەرزترین ئاست لەمساڵدا و 100 دۆلاری ئەمریکی لە بازارەکانی هەرێمی کوردستاندا بە 174 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بەرزبونەوەی دۆلار لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ شاندێکى بانکى ناوەندیى عێراق لەگەڵ نوێنەرانى وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا لە شارى ئیستانبوڵى تورکیا کۆدەبێتەوە، ئەوەش یەکەمین کۆبونەوەی نێوان هەردو وڵاتە دوای بەرزبونەوەی نرخی دۆلار لە چەند هەفتەی رابردودا، لەکۆبونەوەکەشدا پرسی دۆلار تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان دەبێت.
زیاتر لە دوو مانگە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار ناجێگیرە، هەر بەو هۆیەوە رۆژی 23-01-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا بە دوورخستنەوەی مستەفا غالب موخیف، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و راسپاردنی عەلی موحسین عەلاق بۆ بەڕێوەبردنی بانکی ناوەندیی عێراق بە وەکالەت.
دوای گۆڕینی پارێزگاری بانکی ناوەندی؛ بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە، 100 دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 158 هەزار دینار، بەڵام دواتر دووبارە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزی.