هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە فەیسەڵ بن فەرحان ئالسعود، وەزیری دەرەوەی شانشینی سعودیە بەسەردانێک گەیشتە بەغدا و رایگەیاند، ئامانجی سەردانەکەی بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵاتە و ریاز ئامادەیە لەبوارەکانی وزە، وەبەرهێنان، ئابوری، گەشەپێدان و سەرجەم کەرتەکاندا هاوکاری تەواوی عێراق بکات.
فەیسەڵ بن فەرحان ئالسعود دوای کۆبونەوەی لەگەڵ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ریاز خواستی برەودانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەیە لەگەڵ بەغدا بەتایبەت کە لەماوەی چەند ساڵی رابردودا هاوبەشی نێوان هەردولا گەیشتوەتە بەرزترین ئاستی خۆی، لەئێستاشدا سەرنجیان لەسەر هەماهەنگییە لەگەڵ عێراق لەبوارەکانی ئابوری و پڕۆژەکانی بونیاندنی ژێرخان.
ئەوەشی خستوەتەڕو، لەم کاتەدا عێراق لەبواری ئابوریدا گەشەی زۆری بەخۆیەوە دیوە و ئەوەش دەرفەتێکە تاوەکو کەرتی تایبەتی هەردو وڵات سود لەو دۆخە وەربگرن و وەبەرهێنانی تێدا بکەن، “هەردولاشمان باوەڕمانوایە گەشەکردنی ئەم ناوچەیە پەیوەستە بە بونی ئارامی و ئاسایشەوە، عێراقیش رۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکاندا”.
لای خۆیەوە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەکرد، هەردو وڵات پەیوەندییەکی بەهێزی بارزگانی و وەبەرهێنان لەنێوانیاندا هەیە و بەغداش چاوەڕێیە بۆ ئەوەی کارەبای عێراق بە کارەبای سعودیە و وڵاتانی کەنداوەوە ببەسترێتەوە، هەروەها بانگهێشتی کۆمپانیاکانی سعودیە دەکەن بۆ ئەوەی بێن و لە عێراق وەبەرهێنان بکەن، لەم بوارەشدا ئامادەن هەمو ئاسانکارییەکیان بۆ بکەن.