عێراق 80 ملیۆن دۆلار لە پارە تاڵانکراوەکەی وەردەگرێتەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

ڕۆژی چوارشەممە، حکومەتی عێراق ڕایگەیاند،  زیاتر لە ٨٠ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی لە پارە دزراوەکانی لەچوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی “پارەی قاچاخ” بۆ دەرەوەی وڵات وەرگرتووتەوە.

 نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ”  زیاتر لە 80 ملیۆن دۆلار لەو پارە دزراوانە وەرگیراونەتەوە و دووبارە دەخڕێتە خەزێنەی دەوڵەت، ئەمەش  لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەت  بۆ وەرگرتنەوەی ئه‌و پارانه‌ی به‌ قاچاخ براون”.

گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارەیە لە کاتێکدایە کە بەهای دیناری  عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی دابەزیوە، ئەمەش توڕەیی و ناڕەزایی جەماوەری لێکەوتوەتەوەو، کاریگەری لەسەر بارودۆخی ژیانی هاوڵاتیان جێهێشتووه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ حەیدەر حەنون سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایگەیاند ” دەسەڵاتی دادوەری پاڵپشتیەکی زۆر لە کۆمیسیۆنی دەستپاکی دەکات”.

جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەرپرسیارێتیەکی دەستەجەمعییە.

جێی باسە لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوو، سودانی وەرگرتنەوەی بڕی دووەمی ئەو پارانەی ڕاگەیاند، كه‌ بریتیبوو له‌ 134 ملیار و 455 ملیۆن و 600 هەزار دینار. دوو هەفتە پێشتریش حکومەتی سودانی وەرگرتنەوەی نزیکەی 124 ملیۆن دۆلاری لە پارەی تاڵانکراوی سکرتاریەتی باج ڕاگەیاند، کە کۆی گشتی نزیکەی 3.7 ترلیۆن دیناری عێراقیە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە : هوزان زوبێر