ئەنجلینا جولی و نادیە موراد سەردانی شه‌نگال و گوندی كۆجۆیان كرد

هه‌ولێر‌- نۆرس پرێس

رۆژی چوار شه‌ممه، ‌نادیە موراد-ی باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی و ئەنجلینا جولی-ی ئه‌كته‌ری ناوداری ئه‌مریكاو ئەستێرەی جیهانی سەردانی قه‌زای شه‌نگال و گوندی كۆجۆیان كرد.

سەعید موراد، برای نادیە موراد راگەیاند، خانمە ئەکتەری ناوداری ئەمریکی ئەنجلینا جولی و نادیە موراد، باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی شنگالیان کردووە و نەخۆشخانەی ئەو شارۆچکەیەیان بەسەرکردووەتەوە، کە ئێستا لە قۆناخی دروستکردندایە و 70%ی کارەکانی تەواو بووە، هه‌روه‌ها سەردانی گوندی کۆچۆشیان کردووە کە بڕیارە لەسەر ئەرکی رێکخراوی نادیە موراد گوندی کۆچۆی نوێ دروستبکرێت.

لەمیانەی سەردانەكەیاندا نادیە موراد و ئەنجلینا جولی چاویان بە دانیشتووانی گوندەكە كەوت، پاشان گۆڕستانی كۆجۆ-یان بەسەركردەوە.

گوندی كۆچۆ لە ساڵی 2014دا لەسەر دەستی داعش رووبەڕووی راوەدونان و كۆمەڵكوژی بووەوە.

لە مانگی ئابی 2014دا تیرۆرستانی داعش هێرشیان بۆسەر شەنگال و گوندەكانی دەوروبەری ئەنجامدا، بەهۆیەوە هەزاران كەس ئاوارەبوون و پیاوان و گەنجانی گونده‌كه‌ كۆمەڵكوژ كران و، كچ و ژنانیش بە كۆیلە و سەبایا كران.

بەهۆی گەورەیی تاوانەكانەوە لە ساڵی 2019دا پەرلەمانی كوردستان رووداوەكانی سەر ئێزدییەكانی بە لەناوبردنی بەكۆمەڵ ناوبرد و 3ی ئاب-یشی بە رۆژی یادكردنەوەی كارەساتەكە دیاریكرد.

لە ساڵی 2016دا نەتەوە یەكگرتووەكان نادیە مورادی بە باڵیۆزی نیازپاكی دەستنیشانكرد بەهۆی بەرگریكردنەكانی لە رۆڵەكانی نەتەوەكەی، دوو ساڵ دواتریش خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستهێنا.

ئەنجلینا جولی، نوێنەری نیازپاكیی پێشووی نەتەوە یەكگرتووەكان بوو بۆ كاروباری پەنابەران، لە مانگی ئەیلوولی 2012دا سەردانی باشووری كوردستانی كرد بە مەبەستی بینینی رەوشی پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان. دواتر لە ساڵی 2015ش سەردانی شنگالی کرد و کەمپی ئاوارەکانی بەسەرکردەوە.