ڕێکخراوێکی سوری زیاتر لە 228 حاڵەتی دەستگیرکردن لە سەرێ کانیێ و گرێ سپی تۆمارکردووە
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
کۆمەڵەی قوربانیانی “تهئازور زهحایا”، زیاتر لە 228 حاڵەتی دەستگیرکردنی لە سەرێ کانیێ و گرێ سپی لە باکووری سوریا تۆمارکردووە و ڕاشیگەیاند، دۆسیەکانی دەستگیرکردن لەلایەن هێزەکانی تورکیا و گروپه چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سهر به ئهنقهره زیادیان کردووە، به تایبهت بەرامبەر بە هاوڵاتیانی مەدەنی لەو دوو ناوچەیەی کە تورکیا لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 دا دهستی به سهردا گرتوون.
كۆمهڵهكه وا خۆی پێناسه دهكات كه رێكخراوێكی سورییه كاردهكات بۆ دابینکردنی دادپەروەریی بۆ قوربانییەکان، بنكهی سهرهكی له شاری قامیشلۆی باكووری سوریایهو، راپۆرتی ساڵانهی خۆی سهبارهت بە پێشێلکارییەکانی ئەو دوو ناوچەیەی بڵاوكردهوه کە دەکەونه سنووری سوریا و تورکیا.
کۆمەڵەکە ئهوهشی ئاشكراكرد، لەو 228 دەستگیرکراوە 98 کەسیان ئازادکراون، بەڵام چارەنووسی 130 کەسیان کە 7 لەوانە ژنن و 2 یان منداڵن، تا ئێستا نادیارە.
بەپێی ئامارەکانی ئەو کۆمەڵەیە، ژمارەی دەستبەسەرکراوان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادیان کردووە، شایەتحاڵهكانیش باس بهوه دهكهن ، ئەو کەسانە بە ئامانجی ترساندن و ناچارکردنیان دەستبەسەرکراون بۆ ئەوەی ناوچەکە جێبهێڵن.
ئاشکراشی كرد ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەو کەسانە کراون، بریتین له مامەڵەکردن لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی خۆسەر و پەڕینەوە بۆ تورکیا بە شێوەیەکی نایاسایی، یاخود سوکایەتیکردن بە ناوبانگی گروپه چەکدارەکان.
ئاماژەیان بۆ ئەوەشکردووە، دەستگیرکراوەکان مامەڵەی خراپیان له گهڵدا كراوهو ئەشکەنجەش دراون.
بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی کۆمەڵەکە، لەو کاتەوهی کە هێزەکانی تورکیا دەستیان بەسەر شارەکانی سەرێ کانیێ و گرێ سپی گرتووە، ژمارەی دەستگیرکراوان لە 521 حاڵەت کەمتر نەبووە، کە 72 یان ژن و 45یان منداڵن، لەو ژمارەیەش 189 کەسیان بێسەروشوێن کراون، خێزانەکانیشیان هیچ شتێک لەبارەی چارەنووسیانەوە نازانن.
ههروهها 93 دەستبەسەرکراوی سوری دیكه بۆ ناو خاکی تورکیا گواستراونەتەوە و 52 کەسیان سزای ناڕهوا دراون به زیندانی كردن بۆ ماوهی 13 ساڵ تاوهكو زیندانی هەتاهەتایی.