لە موسڵ بنکەیەکی تورکی بە چەند موشەکێک دەکرێت بە ئامانج
هەولێر – نۆرس پرێس
سەرلەبەیانی زووی ئەمڕۆ چوارشەممە ، لە سەرچاوەیەکی نادیارەوە، چەند مووشەکێک ئاراستەی بنکەیەکی تورکیا لە سەربازگەی زێلکان لە ناحیەی باشیکی سەر بە پارێزگای نەینەوا کرا.
دژەتیرۆری کوردستانێش راگەێنراوێکی بڵاوکردەوە، تیایدا دەڵێ، هەشت مووشەک ئاراستە کراون و دووان لە مووشەکەکان لەنێو سەربازگەکە کەوتوونەتە خوارەوە.
بە وتەی بەڕێوەبەری ناحیەی زێلکان، کە بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاندووە، تا ئێستا “بە تەواوی دیارنییە لە کوێوە موشەکەکان ئاراستە کراون، بەڵام لە باشوورەوە ئاراستە کراون کە گوندەکانی فازلییە و کانوون دەگرێتەوە”.
سەربازگەکەی تورکیا لە ساڵی 2015 لە سنووری ناحیەی زێلکان دامەزراوە و لەوکاتەوە نزیکەی 20 جارە مووشەکی ئاراستە کراوە.
ئەم بنکەیە یەکێکە لەو دەیان بنکەی کە لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان جێگیر کراون، بەڵام قووڵترین بنکەیە لە خاکی عێراقدا، بەو پێیەی دەکەوێتە ناوچەی بەعشیقەوە، باکووری رۆژهەڵاتی موسڵ، کە بووەتە خاڵی ململانێی نێوان بەغدا و ئەنقەرە .
چەندین جار لە لایەن حکومەتی عێراقەوە داوای دەرچوونی ئەو هێزانە کراوە و لە پاییزی 2016دا بە بڕیارێکی پەرلەمانی عێراق بە “داگیرکەر” ناوبرا، بەڵام تورکیا تا ئێستا ئامادە نەبووە لە سەربازگەکە دەربچێت.