داعش بەرپرسیاریەتی خۆی لە بەئامانجگرتنی بازگەیەکی هەسەدە لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور راگەیاند

دێرەزوور – نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە بە ئامانج گرتنی خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە شارۆچکەیەکی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور لە سوریا لەئەستۆگرت.

پێگەی ئەلیکترۆنی “ئەعماق” کە نزیکە لە ڕێکخراوی داعش لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە بە دۆشکە و نارنجۆک بەربەستی گوندی بەرشم لە شارۆچکەی بەسیرە کردووەتە ئامانج.

پێگەی ئەعماقی نزیک لەو رێکخراوە توندڕەوە دەشڵێت” دوو ئەندامی “هەسەدە” لەو بەئامانجگرتنەدا برینداربوونە”

جێی باسە لە بیست و شەشی مانگی یەکی ئەمساڵ، داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە بە ئامانجگرتنی خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی سوریای دیموکرات گرتە ئەستو، کە لە ئەنجامدا دوو ئەندامی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە شارۆچکەی حەوایج لە گوندێکی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور گیانیان لەدەستداوە.

ئامادەکردن : عومەر عەبدولرەحمان – دارشتنەوە : ئەحمەد عوسمان