تەقینەوە خۆکۆژیەکەی پاکستان 83 کەسی کردە قوربانی و 150 دیکەش بریندارکرد
دیمەشق – نۆرس پرێس
کوژراوانی تەقینەوە خۆکوژیەکەی ڕۆژی دووشەممە 30_1_2023 لە مزگەوتێکی باکووری ڕۆژئاوای پاکستان گەیشتە 83 کەس، پاش ئـەوەی کە تەرمی ژمارەیەک لەو قوربانیانە لە ژێر دار و پاشماوەکانی تەقینەوەکەدا دوزرانەوە.
سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە خۆکۆژێک خۆی لە مزگەوتی پێشەوا تەقاندەوە کە لەو مزگەوتەدا زیاتر لە 300 نوێژخوێن نوێژیان دەکرد و ژمارەیەکی تریش لەرێگاوەبوون بۆ چوونە مزگەوت.
تەقینەوە خۆکۆژیەکە بووە هۆی داڕمانی سەقفی مزگەوتەکە بەو هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر بریندار بوون پاش گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینی بەشێکیان گیانیان لەدەستدا ، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە تەرمی ژمارەیەکی تریش لەژێر پاشماوەی تەقینەوەکە دەرهێنران، بەم شێوەیە ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتە 83 کەس.
لەو هێرشەکە خۆکۆژیەدا زیاتر لە 150 کەسیش بریندار بوون، تا ئێستاش دیار نییە کەوا خۆکوژەکە چۆن توانیویەتی دزە بکاتە نێو ئەو شوێنە، بەو پێیەی کە بە دیوارێک دەورە دراوە و لە ناوچەیەکی ئەمنی بەرزیشدایە.
ئەمڕۆ رۆژی سێشەممە دانیشتوانی ناوچەکە ماتەمینیان بۆ قوربانیان لە گۆڕستانەکانی پێشەوا و شوێنەکانی دیکە گێڕا و دەسەڵاتدارانیش ئاشکرایان نەکردووە کەوا کێ لە پشت ئەو هێرشەوە بووە.
بەپێی هەندێک هەواڵ، تاڵیبان تۆمەتبار دەکرێت کە لەپشت ئـەو هێرشەوە بووە، بەڵام محەمەد خۆراسانی وتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان بەرپرسیارێتی ئـەو هێرشەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، بەپێی سیاسەتی بزووتنەوەی تاڵیبان مزگەوت و دامەزراوە و شوێنە ئاینییەکان ناکرێنە ئامانج.