125هەمین کاروانی هاوبەشی روسیا و تورکیا لە گوندەواری کۆبانێ

کۆبانی – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە پۆلیسی سەربازی رووسیا کاروانێکی سەربازی هاوبەشیان لەگەڵ لایەنی تورکیا لە گوندەواری رۆژئاوای کۆبانێ ئەنجامدا، کە 125هەمین کاروانی نێوان هەردوولایە لە ناوچەکە، لەدوای رێککەوتنی رووسیا و تورکیا لەسەر ئاگربەست لە رۆژئاوای کوردستان.

کاروانەکە لە هەشت ئۆتۆمبێلی سەربازیی رووسیا و تورکیا پێکهاتبوو و دوو هێلیکۆپتەری رووسی هاوەڵیان دەکرد، لە گوندی “ئاشما” 20کم لە رۆژئاوای کۆبانێوە بەڕێکەوتن.

کاروانەکە بەم گوندانەدا تێپەڕی “جەرقولی فەوقانی، جبنە، بەیادیە”، تا گەشتە گوندی “زوورمەغار”، کە نزیکە بە شاری جەرابوڵوس لە کەناری رۆژهەڵاتی رووباری فورات و دوا گوندی رۆژئاوای کۆبانێیە.

دوای گەیشتن بە گوندی “زوور مەغار”، بە ئاراستەی رۆژهەڵاتدا گەڕنەوە دواوە، بە گوندەکانی “بەیادیە، جابنە، میشکۆ، بێندەر، قەرەقوی تەحتانی، قولە، سووسان’دا تێپەڕین، تا گەشتنە بازگەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستان، نزیک بە ناوچەی ناسراوە بە رادیۆکە، لە رۆژئاوای شاری کۆبانی.

دوای ئەوە گەڕانەوە بۆ خاڵی دەستپێکیان لە گوندی “ئاشمە”، بە تێپەڕین بەناو گوندەکانی “سەفتەک، بۆبان، خورخۆری، دیکمداش، قەران، گەرقۆڵی فەوقانی”دا.

ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی تورکیا لە دەروازەی نزیک گوندی “ئاشمە” چوونەتە ژوورەوە، ئەوانەی رووسیاش گەڕانەوە بۆ بنکەکەیان لە نزیک شارۆچکەی سرین لە باشووری کۆبانی.

لە بیست و سێی کانوونی دووهەمی ئەمساڵدا، لایەنی رووسیا و تورکیا 124هەمین کاروانی هاوبەشیان لە رۆژهەڵاتی کۆبانی ئەنجامدا.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان