تەقینەوەیەکی گەورە لە مزگەوتێکی پاکستان دەیەها قوربانی لێدەکەوێتەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە تەقینەوەیەکی بەهێز مزگەوتێکی شاری پیشاوەری پاکستانی کردە ئامانج و بەهۆیەوە دەیان کەس کوژران و بریندار بوون، لە کاتێکدا مزگەوتەکە پڕ بوو لە نوێژخوێنان.
پۆلیسی پاکستان رایگەیاند، تەقینەوەکە بەبێ ئەوەی شێوازەکەی بزانرێت، لە کاتی نوێژی پاشنیوەڕۆدا لە نزیکەی کاتژمێر 1:40ی پاشنیوەڕۆدا لەو شارە روویداوە، کە دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای وڵاتەکەوە، بەدرێژایی سنوور.
دەسەڵاتداران ئاشکرایان نەکردووە کێ لە پشت هێرشەکەوە بووە، هاوکات عمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان لە تویتەر رایگەیاند، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات، کە بە “تیرۆریستی خۆکوژ” ناوی بردووە.
بەرپرسانی ناوچەکە رایانگەیاندووە، ترسی ئەوە هەیە ژمارەی زیانە گیانیەکان زیاتربن، هاوکات گوتەبێژی نەخۆشخانەکە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، نزیکەی 70 کەس کوژراون یان برینداربوون.
ماڵپەڕ و پلاتفۆرمە پاکستانییەکان باس لەوە دەکەن کە بەهۆی تەقینەوەکەوە لانیکەم 20 کەس گیانیان لەدەستداوە و 90ی دیکەش برینداربوون.
تەقینەوەکە لە مزگەوتەکەدا روویداوە، کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بۆ ئەنجامدانی نوێژ لەوێ کۆبووبوبنەوە.
لە وێنەکاندا رووخانی بەشێک لە مزگەوتەکە و باڵەخانەکانی دەوروبەری دەرکەوتووە و پێدەچێت خەڵک لە ژێر داروپەردوودا مابێتنەوە.
ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لەلایەن چالاکوانانی شارەکەوە بڵاوکراونەتەوە، ئۆتۆمبێل و ئەمبولانسی شارەکان لە شوێنی رووداوەکە قوربانییەکان دەگوازنەوە و گرتە ڤیدیۆییەکانی دیکەش رادەی ئەو زیانانەی کە تەقینەوەکە بەجێیان هێشتووە نیشان دەدەن.
عمران خان داوای کرد “باشترکردنی کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری و ئامێری پێویست بۆ هێزەکانی پۆلیس بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە پەرەسەندووەکانی تیرۆر” دەستەبەربکرێت.