
له رۆژی پێنجه‌می ئۆپه‌راسیۆنی ره‌ققه.. هه‌سه‌ده ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی داعش ده‌ستگیرده‌كات
دێره زوور- نۆرس پرێس
رۆژی یه‌ك شه‌ممه، هێزه‌كانی سوریا دیموكرات “هه‌سه‌ده” رایگه‌یاند، هێزه هاوبه‌شه‌كانی به‌رده‌وامن له ئۆپه‌راسیۆنی “تۆڵه سه‌ندنه‌وه بۆ شه‌هیدانی ره‌ققه”، له رۆژی پێنچه‌میشدا درێژه‌یاندا به هه‌ڵمه‌ته‌كانی پشكنین له شاری ره‌ققه‌و گونده‌واره‌كه‌ی.
هه‌سه‌ده له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرایكرد، دوێنی هێزه هاوبه‌شه‌كان كێوماڵی گه‌ره‌كی فورات و گه‌ره‌كه‌كانی رێگای كۆرنیشیان كردبوو له گه‌ڵ شارۆچكه‌ی “سیفسافه” له گونده‌واری رۆژهه‌ڵاتی ته‌به‌قه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له كاتی كێوماڵكردنه‌كه‌دا هێزه هاوبه‌شه‌كان برێك چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و كتیبی شه‌رعی و هێمای تایبه‌ت به داعشیان دۆزیه‌وه، هه‌روه‌ها سێ ئه‌ندامی داعشیان ده‌ستگیركرد.
هه‌سه‌ده ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، سه‌ر له به‌یانی ئه‌مرۆ ده‌ستیان كرد به پشكنینی گه‌ره‌كی ئه‌كراد له به‌شی باكووری شاری ره‌ققه، هه‌روه‌ها كێوماڵكردنی شاری ته‌به‌قه‌و هێشتا پرۆسه‌ی پشكنین به‌رده‌وامه.
رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو، هه‌سه‌ده ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنێكی ئه‌منی راگه‌یاند، بۆ راوه‌دوونانی شانه‌كانی داعش له ته‌به‌قه‌و ره‌ققه‌و هه‌ردوو گونده‌واره‌كه‌ی، تیایدا والی ره‌ققه‌و به‌رپرسی شانه‌كانی داعش و ده‌یان ئه‌ندام و لایه‌نگری ئه‌و رێكخراوه‌یان ده‌ستگیركرد.