دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، رۆژنامەنووسێکی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەبێ دادگاییکردن سزای بەسەردا سەپێنراوە، بەهۆی چاوپێکەوتن لەگەڵ باوکی ژینا ئەمینی، کە شێوازی مردنەکەی ناڕەزایەتی بەردەوامی لێکەوتەوە.
نازیلا مرۆڤیان، رۆژنامەنووسێکی دانیشتووی تاران و هاوشێوەی “ژینا” خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستانە، لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمدا، دەستبەسەر و لە زیندانی “ئەوین” لە پایتەخت دانراوە، بە پێی راپۆرتی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە وڵاتی نەرویجە.
مرۆڤیان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند “بە پشتبەستن بە بڕیاری لقی 26ی دادگای ئینقلاب بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەفشاری، سزای دوو ساڵ زیندانی و سزای ماددیم بەسەردا سەپێندرا و بۆ ماوەی پێنج ساڵ دەرچوون لە وڵاتم لێ قەدەغەکرا”.
ئەو رۆژنامەنووسە کوردە ئاماژەی بەوەدا کە “ئەم بڕیارە بەبێ دادگاییکردن و داوای بەرگری دەرچووە”، ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتبارکراوە بە “پڕوپاگەندە دژی رژیم و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست”.
مرۆڤیان کە لە ماڵپەڕی هەواڵی “روەیداد24 ” کاردەکات، لە 19ی تشرینی یەکەم چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ باوکی ژینا، “ئەمجەد ئەمینی” لە بەرنامەی “موستەقیل ئۆنلاین” بڵاوکردبووەوە.
دواتر “مستقڵ ئۆنلاین” ئەو چاوپێکەوتنەی لابرد کە تێیدا ئەمجەد رەتیکردەوە کچەکەی بەدەست هیچ نەخۆشییەکەوە ناڵاندبێتی.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ مەزەندە دەکەن کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانی ئێرانەوە نزیکەی 80 رۆژنامەنووس دەستبەسەر کراون.