سودانی : شاندێکی عێراق لەبارەی نرخی دولارەوە سەردانی ئەمریکا دەکات

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بۆ جێگیرکردنی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار لە بازاڕەکاندا، شاندێکی باڵای عێراق سەردانی ئەمریکا دەکات، ڕاشیدەگەیەنێت کە لە رێگای یاسای نەوت و غازەوە پەیوەندیەکانی هەرێم و حکومەتی ناوەندی پارێزراوتر دەبن.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە فرانس ٢٤ دەڵێت ”  به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار‌ له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵاوسانی دۆلارەوە دروستبووە‌، چونکە حكومه‌ته‌كانی پێشوو ئاماده‌نه‌بوون فرۆشتنی دۆلار رێكبخه‌نه‌وه”.

ئاشکراشی دەکات کە شاندێکی عێراق لەبارەی پرسی دۆلارەوە سەردانی ئەمەریکا دەکات و له‌گه‌ڵ بانكی فیدڕاڵی و وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا کۆدەبێتەوە.

سودانی لەلێدوانەکەیدا ڕایدەگەیەنێت کە  له‌ڕێگه‌ی یاسای نه‌وت و گازه‌وه‌، په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان حكومه‌تی فیدڕاڵی و حكومه‌تی هه‌رێم و پارێزگاكانی به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وت رێكده‌خرێن.