برینداربوونی ژنێك و منداڵه‌كه‌ی به ته‌قه‌ی جه‌ندرمه‌ی توركیا له ئیدلیب
ئیدلیب- نۆرس پرێس
سه‌ر له به‌یانی هه‌ینی، پاسه‌وانی سنووری توركیا “چه‌ندرمه” ته‌قه‌ی له ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی مه‌ده‌نی كرد، له كاتی هه‌وڵدانیان بۆ چونه ناو خاكی توركیا له گوندی عه‌زمارینی گونده‌واری ئیدلیب، له ئاكامدا دایك و منداڵێك برینداربوون.
سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازی به نۆرس پرێسی راگه‌یاند، له ئاكامی ئه‌و ته‌قه‌كردندا ژنێكی ته‌مه‌نی 37 ساڵان و منداڵه 9 ساڵانه‌كه‌ی برینداربوون و بۆ یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانی ناوچه‌كه گواسترانه‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، چه‌كدارانی ده‌سته‌ی ته‌حریر شام (به‌ره‌ی پێشووی نوسره) ژنه برینداره‌كه‌و منداڵه‌كه‌یان خسته ژێر چاودێری، بۆ زانینی ورده‌كاری رووداوه‌كه‌و ناوی قاچاغچییه‌كان.
ئه‌مه‌و چه‌ندرمه‌ی توركیا به درێژایی سنووری باكووری سوریا ته‌قه له‌و هاوڵاتیانی ناوچه‌كه ده‌كات.
به گوێره‌ی راپۆرتی ناوه‌ندی به‌به‌ڵگه‌كردنی پێشێلكارییه‌كانی باكووری سوریا كه له سه‌ره‌تای ئه‌م ساڵدا بڵاوكرایه‌وه، نزیكه‌ی 543 كه‌س كوژراون كه 103 یان منداڵی خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵان بوونه‌و 67 یان ژن بوون، هه‌روه‌ها 2249 كه‌س له دانیشتوانی گوند‌و شارۆچكه سنوورییه‌كان و خاوه‌ن كێلگه‌كان و زه‌وییه‌كانی نزیك سنوور بریندار بوونه.