هەسەدە دەسگیرکردنی 32 ئەندامی داعشیان لە ماوەی 24 کاتژمێری پێشوودا راگەیاند
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی، هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستگیرکردنی 32 ئەندام و گومانلێکراوی داعشیان لە شاری رەققە و سێ ناوچەی دیکە راگەیاند لە چوارچێوەی هەڵمەتی “تۆڵەسەندنەوەی شەهیدانی رەققە”دا.
لە 25ی ئەم مانگەدا، هێزەکانی سوریای دیموکرات هەڵمەتێکی ئەمنییان بۆ بەدواداچوونی شانەکانی “داعش”دەستپێکرد، بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستان، ئەمەش لە پاشخانی هێرشێکی داعشدا هات بۆ سەر بنکەیەکی ئاسایشی رۆژئاڤا لە گەڕەکی “دەرعییە”ی شاری رەققە، لە 26ی کانوونی یەکەمی ساڵی پاردا.
لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، هێزەکانی “هەسەدە” و “ئاسایش” 32 ئەندام و تۆمەتباری داعشیان لە ناوچەکانی کەرەمە، سیرین و مەنسورە دەستگیرکرد کە دوو ئەندامیان پەیوەندییان بە ئەنجامدەرانی هێرشەکەی سەر ناوەندی دەعییەوە هەبوو لە شاری رەققە.
لە کاتی هەڵمەتەکەدا دەست بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی و بەڵگەنامەدا گیرا کە لەبەردەستی دەستگیرکراوەکاندا بوون، بەپێی ئەوەی لەلایەن ناوەندی راگەیاندنی “هەسەدە”ەوە بڵاوکرایەوە.
هەروەها ناوەندەکە ئاشکرای کردووە کە هێزەکانی “هەسەدە” توانیویانە شانەیەکی داعش هەڵبوەشێننەوە کە هەوڵی هەڵاتن و گواستنەوەیان لە ناوچەی مەنسورەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی داوە.
لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە هەڵمەتی ڕاوەدوونانی شانەکانی “داعش” لە شاری رەققە و بەتایبەت لە گەڕەکی دەرعییە بەردەوامە، هاوکات لەگەڵ هەڵمەتەکان لە گوندەواری رۆژئاوای رەققە و ناوچەی سەرین.