مەسرور بارزانی و مەکگۆرگ پەیوەندییەکی تەلەفونیان ئەنجامدا

هەولێر- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، برێت مەکگۆرک، هاوئاهەنگکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەنجامدا.

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەت، لەبارەی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و دوایین بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق گفتوگۆیان کردووە.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ماکگۆرگ لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەیدا، لەبارەی دوایین سەردانی بۆ بەغدا و هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەت دواوە.

دەشڵێت، مەکگۆرک “جەختی لە گرنگیی یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردەوە.”

هەر لە راگەێنراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: “هەروەها بڕیاری ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدراڵی تایبەت بە ڕێگریکردن لە ناردنی ئەو بڕە پارەیەی کە بڕیار بوو لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ هەرێمی کوردستانەوە بنێردرێت، تاوتوێ کرا. نیگەرانی خۆمان لە دەرچوونی بڕیارەکە دەربڕی کە ئامانجی تێکدانی کەشی ئەرێنی و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە و مەبەستێکی سیاسی لە پشتە .”

راگەێنراوە کە، “هاوئاهەنگکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریقا،  پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم ، بەتایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها پێشکەوتنەکانی  کەرتی وزە و باشترکردنی ژێرخانی ئابووری و هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەش و هەوا دووپات کردەوە.”

ئەوەشیان خستوەتەڕوو، کە هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی نەهێشتنی هەموو بەربەستەکانی بەردەم گەشەپێدانی کەرتی وزە و وەبەرهێنانی زیاتری کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە هەرێمی کوردستان.

هەروەها مەکگۆرگ و بارزانی هاوڕابوون لە سەر ئەوەی لەداهاتووشدا لە پەیوەندی بەردەوامدا بن.