مەسرور بارزانی: بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی هەوڵێکی دیکەی ناڕەوایە بۆ لەناوبردنی دەرفەتی نوێی چارەسەرکردنی کێشەکان

هەولێر- نۆرس پرێس

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کورستان، لە پەیامێکیدا سەبارەت بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی عێراق بۆ نەناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەڵێت” ئەمە هەوڵێکی دیکەی ناڕەوای ئەم دادگایەیە بۆ لەناوبردنی دەرفەتی نوێی چارەسەرکردنی کێشەکان”.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لاپەڕەی خۆی لە توویتەر نووسیویەتی: دوایین بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق بۆ ڕێگریکردن لە ناردنی بەشێک لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، هەوڵێکی دیکەی ناڕەوای ئەم دادگایەیە بۆ لەناوبردنی دەرفەتی نوێی چارەسەرکردنی کێشەکان.

ئاماژەشی بەوەکرد کە بەپێی ڕێککەوتنی لایەنەکانی پێکهێنانی حکوومەت و کارنامەی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، دەبێت لە ماوەی شەش مانگدا دوای دەستبەکاربوونی حکومەتی عێراق هەردوو پڕۆژەیاسای دادگای باڵای فیدراڵی و ئەنجومەنی فیدراڵی پەسەند بکرێن.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەڵسوکەوت و هەنگاوەکانی ئێستای دادگای فیدراڵیی عێراق بەربەستێکە لەبەردەم چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی.