مەزڵوم عەبدی: کۆبانێ ناکەوێت
قامیشلۆ- نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانیان ئامادەن بۆ روبەڕوبوونەوەی هەر هێرشێکی پێشبینیکراوی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان.
عەبدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “حەدەس” رایگەیاند لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ هەموو لایەنەکان، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەگەری هەیە ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا کۆبانی بکاتە ئامانج.
عەبدی وتیشی، ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر مەنبیج و تل رەفعەت، هێزەکانی رژێمی سوریا و هێزەکانی دیکە رێگردەبن لەو جۆرە هێرشانە، بەڵام لە ئەگەری هێرشی تورکیا بۆ سەر کۆبانی گرنگی پێنادەن.
عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، “دەربارەی دۆسیە سەربازی و ئەمنیەکان بەردەوام لە پەیوەندیدان لەگەڵ رژێمی سوریا و هەماهەنگی لە نێوانیاندا هەیە، داواشیان لە رژێمی سوریا کردووە رووبەڕووی هەر هێرشێکی تورکیا ببنەوە، بەڵام هیچ وەڵامێکیان لەوبارەوە وەرنەگرتەوە”.
عەبدی ئاشکرای کرد کە 12 هەزار هێزی سەربازی سوریا لە کۆبانی بوونیان هەیە، ئەرکی ئەو هێزانەیە بەرگری لە خاکی سوریا بکەن.
عەبدی رەتیکردەوە زانیاری هەبێت دەربارەی ئاستی ئامادەیی سوپای سوریا بۆ شەڕکردن، ئەگەربێتو تورکیا هێرش بکاتە سەر کۆبانی، ئاماژەی بەوەشکرد، بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا پێشتر رایگەیاندبوو کە هێزەکانی سوریا دەجەنگن لەو شوێنەی کە تێیدا ئامادەن.
جەختی لەوە کردەوە، ئەوان ئامادەن بۆ هەر جەنگێک و وتی، “لەلای ئێمەوە ئامادەکارییەکان باشن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێک، ئێمەش لە کۆبانی شەڕ دەکەین و ناکەوێت”.
جەنەڕاڵ عەبدی هۆشداریی لە کاردانەوەکانی هێرشەکەی تورکیا دا و وتی: شەڕێکی گەورە دەبێت کە دەبێتە هۆی وێرانکاری، بەڵام تورکەکان بە ئامانجەکەیان ناگەن و هەمووان زەرەرمەندی ئەم روبەڕوبوونەوە دەبن.
عەبدی پێیوابوو دوو ئامانجی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی کۆبانیدا “بەستنەوەی ئەو ناوچانەی تورکیا داگیری کردوون بە یەکترەوە … هەروەها درێژکردنەوەی داگیرکردنی خاکی سوریایە”.
سەبارەت به هه ڵوێستی واشنتۆن و مۆسکۆ لە مەڕ ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا، عه بدی ئاماژەی به وەدا که داوایان له رووس و ئه مریکییەکان کردووە ئاسمانی تورکیا واڵانەکەن.
ئەو پێیوابوو کە کردنەوەی ئاسمانی تورکیا رەزامەندی لایەنی رووسیا و ئەمریکا پیشاندەدات بەرامبەر بە هێرشی تورکیا.
عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی بڕیارێکی پێشووی کۆنگرێسی ئەمریکا، داوایان لە ئەمریکا کردووە سزاکانی سەر تورکیا توندتر و فراوانتر بکات لە ئەگەری هێرشکردنە سەر سوریا.
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، مەزلوم عەبدی، سەبارەت بە داهاتووی بەڕێوبەری خۆسەر وتی، “بەرنامەیەکی سیاسی ئامادەیان هەیە و ئەوە هاوبەش بوو لەگەڵ رژێمی سوریا و داوایان لەو رژێمە کردووە کە رەزامەندی لەسەر بنوێنێت.”
عەبدی ئاماژەی بەوەدا، ئەوان دوو ئامانجی سەرەکییان لە ناوچەکەدا هەیە، یەکەمیان دانپێدانانە بە بەڕێوبەری خۆسەریدا لەڕووی دەستوورییەوە، دووەمیش ئەوەیە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەست بەسەر دۆسیە ئەمنی و سەربازییەکاندا بگرن لە ناوچەکەدا لەژێر چەتری سوپای سوریادا”.
عەبدی پێێوابوو ئەستەمە حکومەتی دیمەشق دانپێدانانی بەڕێوبەری خۆسەر قبوڵ بکات، درکی بەوە کرد کە ئەگەری ئەوە هەیە لەگەڵ دیمەشق بگەنە چارەسەر لە ئەگەری ئەوەی “تورکیا لە هاوکێشەکە دوور بخرێتەوە، بەو پێیەی کە گەورەترین بەربەستن لەبەردەمیدا”.