بە بۆنەی ساڵیادی رزگارکردنی کۆبانێوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە
هەولێر- نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی ساڵیادی رزگارکردنی کۆبانێ راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، پیرۆزبایی ئەو یادە لە “هەموو گەلی کوردستان” دەکات و دەڵێت، “گەلی کوردستان هیچ کاتێک هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی تیرۆر لەیاد ناکات.”
لە پەیامەکەیدا لە تۆڕی تویتەر، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێ: ” لەم یادەدا، بە رێز و پێزانینەوە یادی ئەو جەنگاوەر و قارمانانە مەزنانە دەکەینەوە و سەری رێز و نەوازش بۆ روحی پیرۆزیان دادەنەوێنین”.
رۆژی 26-01-2015، کۆبانێ لە دەستی داعش رزگارکرا، کۆبانێ لە شەڕی دژی داعش وەکو سیمبولی یەکگرتنی کورد لێکدرایەوە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان دوای پەسندکردنی لەلایەن پەرلەمان و بە فەرمانی سەرۆک بارزانی رەوانەی کۆبانێ کرا و بەشداری لە کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکەدا کرد.
هێزی پێشمەرگە چوونە باکووری کوردستان و لەوێشەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان، ئەمەش رۆڵێکی گرنگی هەبوو لەوەی کۆبانێ بە تەواوی نەکەوێتە دەستی داعش، پێکەوە لەگەڵ شەڕڤانان شەڕی کۆڵان بە کۆڵانیان دژی چەکدارانی داعش کرد و شارەکەیان کۆنترۆڵکردەوە.