فینلاند گەمارۆی چەکی لەسەر تورکیا هەڵگرت

هێلسنکی- نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە، وەزارەتی بەرگریی فینلاند گەمارۆی چەکی لەسەر تورکیا هەڵگرت، بەوەش یەکێک لە مەرجەکانی تورکیای بۆ بەئەندامبوون لە ناتۆ جێبەجێ کرد.

دوێنێ، رێکا پیتکانێن، راوێژکاری وەزارەتی بەرگریی فینلاند ئاشکرای کرد، گەمارۆی فرۆشتنی چەک و کەرەستە و پێداویستی و تەکنۆلۆژیای سەربازی، کە لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە لەسەر تورکیا سەپێندرابوو، بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هاوپەیمانیی فینلاند لەسەر راسپاردەی سانا مارین، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، هەڵگیرا.

ئاژانسی هەواڵی (ئێم تی ڤی) فینلەندی رایگەیاند کە وەزیری بەرگری میکۆ ساڤۆلا (لە پارتی ناوەند) “تاکلایەنە لەسەر پێدانی مۆڵەتی هەناردەکردنی چەک بۆ تورکیا بڕیاریداوە”، بە وتەی ئاژانسەکە “بڕیارەکە لە دانیشتنی گشتی حکومەتدا لەلایەن ئەندامانی حکومەتەوە نەدراوە”.

دوای بڕیارەکە، لی ئاندرسۆن کە سەرۆکی هاوپەیمانیی چەپەکانی فینلاندە و وەزیری پەروەردەی ئەو وڵاتەیە، رەخنەی لە بڕیارەکە گرت و لە تویتێکدا نیگەرانییەکانی خۆی دەربڕی و رایگەیاند، “هاوپەیمانیی چەپ، رەتیدەکاتەوە هاوکاریی سەربازی و فرۆشتنی چەک بۆ ئەو وڵاتانە دابین بکرێت کە لە جەنگدان و رێز لە مافەکانی مرۆڤ ناگرن.”

هەروەها رایگەیاند، “پێدانی زرێپۆش و پێداویستیی دیکەی سەربازی بە تورکیا لەلایەن حکومەتی فینلاندەوە، کارێکی نەشیاوە. بڕیارەکە لەلایەن خودی میکۆ ساڤۆلا، وەزیری بەرگری دراوە و ئەم بڕیارە لەلایەن حکومەتەوە گفتوگۆی لەبارەوە نەکراوە.”

بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای تورکیاوە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، کە دوایینیان لە ساڵی 2019 بۆ سەر ناوچەکانی گرێسپی و سەرێکانێ بەناوی ئۆپەراسیۆنی کانیی ئاشتی بوو، هەریەک لە سوێد و فینلاند، نەمسا و کەنەدا گەمارۆی چەکیان خستە سەر تورکیا. ئەو بڕیارەی حکومەتی فینلاند لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاداشتنامەی سێقۆڵیی نێوان تورکیا، سوێد و فینلاند هات بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندیی تورکیا بۆ بەئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە لە هاوپەیمانیی ناتۆ