سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرەو فەرەنسا بەرێکەوت

هەولێر – نۆرس پرێس

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەغدای بەرەو فەڕەنسا جێهێشت و لەو وڵاتەدا ژمارەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵا ئەنجام دەدات لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و پاریس.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رایگەیاندووە، “محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی حکومی لە سەردانێکی فەرمیدا بەرەو فەرەنسا بەرێكەوت”.

بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە سوودانی لە پاریس كێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان، هەروەها بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی پاریس و بەغدا، لە بوارەكانی هاوكاری سیاسی، ئابووری، ئەمنی و كاریگەری بەسەر‌ ناوچەكەوە، لەگەڵ ئیمانوێڵ ماكرۆن و بەرپرسانی فەرەنسا تاوتوێ بكات.

وابڕیارە سوودانی کاتژمێر چواری دوای نیوەڕۆ، بە کاتی پاریس بگاتە فەرەنسا، لەگەڵ وەزیری بەرگریی فەرەنسا کۆدەبێتەوە، پاشان بۆ خوانی ئێوارە لە کۆشکی ئیلیزێ دەبێت و دواتر لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆدەبێتەوە.\

ئەمڕۆ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا بە میدیاکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی راگەیاند، “فەرەنسا گرنگی بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەدات، بۆیە سەرۆک ماکرۆن سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکاتە دەرفەتێک بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.”

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا پێشبینی دەکات دوای سەردانەکەی سوودانی بۆ فەرەنسا، ئەو وڵاتە بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بنێرێت بۆئەوەی سەردانی فەرەنسا بکات و باس لە چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بکەن.