دیمەشق – نۆرس پرێس
رۆژی چوارشەممە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جۆ بایدن ڕایگهیاند، تانکی ئەبرامز بۆ کیێڤ دهنێرین، ئەمەش دوای ئەوەی کە ئەڵمانیا ڕایگەیاند تانکی لیۆپارد 2 بۆ ئۆکرانیا دابین دەکات.
دوێنێ چوارشەممە، لە کۆشکی سپی، بایدن ڕایگەیاند، ئەمەریکا 31 تانکی ئەبرامز ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکات.
جەختیشی لەسەر ئـەوە کردەوە گەیاندنی ئەو تانکانە بۆ بەرەکانی شەڕ ماوەیەک دەخایەنێت. ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەمەریکا بە زووترین کات دەست بە مەشق و ڕاهێنان بە سوپای ئۆکرانیا دەکات.
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جەختی لە پابەندبوونی وڵاتانی جیهان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا کردهوه ئەویش بۆ بەرگریکردن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئـەو وڵاتەیە.
رۆژی چوارشەممە 25-1-2023، ستیڤن هیبستریت وتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا ڕایگەیاند : بەرلین 14 تانکی شەڕی سەرەکی لیۆپارد 2 ڕادەستی ئۆکرانیا دەکات.
لە لایەکی ترەوە ڕووسیا وەڵامی توندی هەبوو بۆ ئەو پشتیوانییە، كۆشكی کرێملین له رایگهیاند ” دابینکردنی تانک بۆ ئۆکرانیا، ئیستفزازییە و بەڵێنیشی دا کەلەناویان ببات”
جێی ئاماژەیە لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ەوە، ڕووسیا هێرشی سەربازی کردووەتە سەر ئۆکرانیا، ئەمەش پاش ئەوەی کە ئۆکرانیا داواکارییەکەی بۆ پەیوەستبوون بە ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی ناتۆ ڕاگەیاندووە.